ئەو کەسانەى لە کەرتى تایبەت کاردەکەن هاوشێوەى فەرمانبەرانى حکوومەت خانەنشین دەکرێن

بۆ پیاوان پێویستە تەمەنیان 60 ساڵ و ئافرەتانیش 55 بێت


بەرپرسێکى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى حکوومەتى هەرێمی کوردستان رایگەیاند ئەو کەسانەى لە کەرتى تایبەت کاردەکەن هاوشێوەى فەرمانبەرانى حکوومەت خانەنشین دەکرێن بە مەرجێک دەستەبەرى دابێت بە حکوومەت.

د. عارف حیتۆ بەرێوەبەرى گشتى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى حکوومەتى هەرێمی کوردستان بە باسنیوى راگەیاند: "کرێکارانى کەرتى تایبەت ئەگەر دەستەبەریان بۆ بکرێت و تەمەن و خزمەتیان تەواو بێت،ئەوا هاوشێوەى فەرمانبەرانى حکوومەت خانەنشین دەکرێن، بەپێى یاساى ژمارە 39ى ساڵى 1971 و یاساى ژمارە 4 ى ساڵى 2012 و تەواوى مافەکانى خانەنشینى دەیانگرێتەوە، ئەم یاسایە بۆ ئەو کرێکارانە بەرکارە کە تەواوى مەرجەکانیان تێدایە".

راشیگەیاند: "بۆ پیاوان پێویستە تەمەنیان 60 ساڵ و ئافرەتانیش 55 ساڵیان تەواو کردبێت، ساڵانى خزمەتیش بۆ پیاوان 25ساڵ و بۆ ئافرەتانیش 20 ساڵ خزمەت داندراوە، ئەمە وێڕاى ئەوەى ئەو کەسە پێویستە دەستەبەرى کرابێت بەبڕى 5% لە مووچەى مانگانە کرێکارەکە و 12% ى کۆى مووچەى مانگانەى لەلایەن خاوەن کارەکەى".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" تائێستا زیاتر لە 750 کرێکارى کەرتى تایبەت خانەنشین بوونە و مووچە لە حکوومەت وەردەگرن، هەر کەسێکیش خاڵەکانى تەواو نەبێت و تەمەنى بگاتە رێژەى دیاریکراو ئەوا مووچەى 3 ساڵى بەسەر یەکەوە پێدەدرێت وەکو پاداشتى خانەنشینى بەڵام نابێتە مووچەخۆر".