بزووتنەوەی تاڵیبان و ئەمریکا گەیشتنە رێککەوتن

تاڵیبان ئامادەیە دەست لە جەنگ و توندوتیژی هەڵبگرێت


 سوهەیل شاهین، گوتەبێژی نووسینگەی سیاسی بزووتنەوەی تاڵیبان لە قەتەر، بە تۆڕی بی بی سی راگەیاند، رێککەوتنامەی نێوان ئەمریکا و تاڵیبان تا کۆتایی مانگی شوبات واژوو دەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر بەرپرسانی سەربازیی لە سوپای ئەمریکا هەواڵیان دابوو لەبارەی واژووکردنی رێککەوتنەکە.

هەفتەی رابردووش هەریەکە لە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایانگەیاندبوو، ئەگەری هەیە لە کۆتاییەکانی هەفتەی دهاتوو رێککەوتن لەگەڵ تاڵیبان واژوو بکرێت.

پۆمپیۆ ئەوەشی ئاشکراکردبوو کە هیچ کام لە بڕگەکانی ئەو رێککەوتننامەیە بێ مەرج نییە تاڵیبان ئامادەیە دەست لە جەنگ و توندوتیژی هەڵبگرێت.

چاوەڕێ دەکرێت دوای واژووی ئەم رێککەوتننامەیە و پابەندبوونی بزووتنەوەی تاڵیبان پێوەی، زەمینەیەک بڕەخسێت بۆ رێککەوتن لە نێوان حکوومەتی ئەفغانستان و ئەمریکادا بە مەبەستی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان.