فازڵ میرانی: ھەوڵمانداوە درز نەكەوێتە نێوان لایەنە كوردستانییەكان و كورد بە تایبەتی

ئەمڕۆ شاندێكی حزبە كوردستانییەكان دەچێتە بەغدا


سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: ئەمڕۆ شاندێكی حزبە كوردستانییەكان دەچێتە بەغدا و لەگەڵ لایەنە سوننە و شیعەكان لە بەغدا كۆده‌بێته‌وه‌.

فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌راوێزی مه‌راسیمی یادكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو رێكخراوی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان و یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا لەبارەی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق رایگه‌یاند: ئێمه‌ چه‌ند وه‌زاره‌تمان به‌رده‌كه‌وێت وه‌كو پارتی باس ناكه‌ین، وه‌كو كورد وه‌كو كوردستانی ئێمه‌ وه‌كو پارتی هه‌وڵمان داوه‌ هه‌وڵیش ده‌ده‌ین كه‌ یه‌ك هه‌ڵوێست بین، هه‌موومان پێكه‌وه‌ بین درزێك نه‌كه‌وێته‌ ناو كوردستانیان به‌ گشتی، ناو كورد به‌تایبه‌تی.

فازڵ میرانی گوتیشی ئه‌مرۆ شاندێك ده‌چێته‌ به‌غدا پێكهاتووه‌ له‌ پارتی و یه‌كێتی و گۆران و هه‌م كۆمه‌ڵ نوێنه‌رانی توركمان و ئاشوریه‌ مه‌سیحیه‌كان به‌شدار ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سوننه‌ و شیعه‌ دابنیشن له‌ به‌غدا.

فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: یه‌ك شت هه‌یه‌ ئێمه‌ ناتوانین رازی بین وه‌كو حزبێك ئێمه‌ میلله‌تی دووه‌مین له‌ عێراقدا فیدارڵیه‌تی خۆمان هه‌یه‌.

میرانی گوتیشی: براده‌رێك ئیحترامان بۆ هه‌یه‌ ئه‌بو هادی پیاوێكی باشه‌ به‌س ناكرێت ئه‌بو هادی له‌ جیاتی شه‌هید و خه‌باتكاره‌كان وه‌زیریمان بۆ دابنێت،  كەس ناتوانێ لە بەغدا وەزیر بۆ لایەنە كوردستانییەكان دیار بكات، بەڵكو دەبێ خۆمان ناوەكانیان پێبدەین و بڵێین ئەمانە وەزیری كوردن.