گه‌شتى هاولاتیانى عێراق بۆ ئێران راگیرا

هەر هاوڵاتیەك لەئێرانەوە بگەڕێتەوە بۆ ماوەی 14 رۆژ دەخرێتە ژێر چاودێرییه‌وه‌

وەزارەتی تەندروستی عێراق بڕیاری راگرتنی گەشتكردنی هاوڵاتیانی ئێرانی بۆ عێراق و بەپێچەوانەشەوە دەركردو ئاشكراشیكرد، هەر هاوڵاتیەك لەئێرانەوە بگەڕێتەوە بۆ ماوەی 14 رۆژ دەخرێتە ژێر چاودێری وردی پزیشكیەوە. 

بەگوێرەی نوسراوێكی جەعفەر سادق عەلاوی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق، بەرەچاوكردنی بڵاوبونەوەی شەش حاڵەتی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەكۆماری ئیسلامی ئێران و گیانلەدەستدانی دوو كەس، رێكاری پێویستیان بۆ بڵاونه‌بونەوەی ئەو ڤایرۆسە گرتوەتەبەر.

ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەمڕۆ لیژنەی قەیرانەكانی سەر بەوەزارەتی تەندروستی كۆبونەوەی بەپەلەی ئەنجامداوەو تێیدا گفتوگۆ لەبارەی ئامادەكاریەكانمان بۆ رێگریكردن لەبڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە كراوە.

هەر بەگوێرەی نوسراوەكە، بەهۆی ئەوەی ملیۆنان هاوڵاتی ئێران بەبەردەوامی و بەمەبەستی سەردانیكردنی شوێنە ئاینیەكان سەردانی عێراق دەكەن و ناتوانرێت پشكنینی تەواو بۆ سەرجەمیان ئەنجامبدرێت، بۆیە بڕیاردراوە تا كاتێكی نادیار سەردانیكردنی هاوڵاتیانی ئێران بۆ عێراق رابگیرێت و رێگەیان پێنەدرێت.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەهەمانشێوە رێگە بەهیچ هاوڵاتیەكی عێراقی نادرێت سەردانی ئێران بكات، هەر هاوڵاتیەكیش كە سەردانی ئێرانی كردبێت، لەكاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماوەی 14 رۆژ دەخرێتە ژێر پشكنینی تەندروستیەوە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق راشیگەیاندوە، ئەو بڕیارە سەردانیكردنی وەفدە دیپلۆماسیەكان ناگرێتەوە.