فه‌ره‌نسا.. كه‌سێكی دیكه‌ی تووشبوو به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی له‌ده‌ستدا

ته‌مه‌نی 60 ساڵه‌

ده‌سه‌ڵاتدارانی فه‌ره‌نسا گیان له‌ده‌ستدانی هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ی فه‌ره‌نسی تووشبوو به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ وڵاته‌كه‌یان راگه‌یاند به‌مه‌ش ژماره‌ی مردووه‌كان به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌ بۆ 2 كه‌س به‌رزبووه‌وه‌. 

له‌و باره‌وه‌ جیروم سالومون، سه‌رۆكی ئیداره‌ی ته‌ندروستی گشتی له‌ فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند ئه‌و كه‌سه‌ی گیانی له‌ده‌ستداوه‌ ته‌مه‌نی 60 ساڵ بووه‌ و له‌ نه‌خۆشخانه‌ی لا پیتی سالپێتریر له‌ پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا گیانی له‌ده‌ستداوه. 

تا ئێستا له‌ فه‌ره‌نسا 17 كه‌س تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونه‌ و 2 له‌و تووشبووانه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. 

2 رۆژ له‌مه‌وبه‌ریش  ئۆلیڤه‌ر فێراند، وه‌زیری ته‌ندروستی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاندبوو كه‌ هه‌ر 12 نه‌خۆشه‌كانی تووشبوو به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا چاكبوونه‌ته‌وه‌ و ته‌نها كه‌سێك به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.