پسپۆڕان باس له‌ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌یه‌كی دیكه‌ی كۆرۆنا ده‌كه‌ن

هه‌ندێك له‌تووشبووانی كۆرۆنا كتوپڕ هه‌ستی بۆنكردنیان له‌ده‌ستداوه‌

هه‌رچه‌نده‌ وازانراوه‌ تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌بێته‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی و ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و كۆكه‌ تاوه‌كو دروستبوونی گرفت له‌سییه‌كاندا ، له‌ئێستادا پسپۆڕان هۆشداری ده‌ده‌ن له‌ نیشانه‌یه‌كی دیكه‌ی تووشبوون به‌ كۆرۆنا ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ له‌ده‌ستدانی هه‌ستی بۆنكردن و تامكردن.

جیروم سالومون جێگری وه‌زیری ته‌ندروستی فه‌ره‌نسا له‌میانی پێشكه‌شكردنی راپۆرتی ڕۆژانه‌ له‌باره‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاویكرده‌وه‌ پزیشكانی قوڕگ و لووت و گوێ له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا تێبینی زیادبوونی حاڵه‌تی له‌ده‌ستدانی هه‌ستی بۆنكردنیان كردووه‌.

وتیشی: هه‌ندێك له‌تووشبووانی كۆرۆنا كتوپڕ هه‌ستی بۆنكردنیان له‌ده‌ستداوه‌ به‌بێ گیرانی لووت و هه‌ندێك كات هه‌ستی تامكردنی له‌گه‌ڵدا ده‌بێت.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ده‌ستدانی هه‌ستی بۆنكردن رێژه‌ییه‌ و به‌گشتی لای ئه‌و تووشبووه‌ گه‌نجانه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ نیشانه‌كانی تووشبوون به‌كۆرۆنایان قورس نیه‌.

لای خۆیه‌وه‌ نیرمال كۆمار پزیشكی راوێژكاری به‌ریتانی و پسپۆڕی نه‌خۆشیه‌كانی قوڕگ و گوێ و لووت به‌ كه‌ناڵی سكای نیوزی ڕاگه‌یاند له‌ده‌ستدانی هه‌ستی بۆنكردن و تامكردن وه‌ك نیشانه‌یه‌كی نوێی تووشبوون به‌كۆرۆنا داده‌نرێت.

ژێده‌ر: ڕاگه‌یاندنی ته‌ندروستی سلێمانی