پسپۆرێكى پزیشكى لە سیستەمی بەرگریی لەش: به‌م جۆره‌ خۆراكانه‌ سیستەمی بەرگریی لەشتان بەرز بکەنەوە

سیسته‌می به‌رگری له‌ش به‌هێز ده‌كات و بەرەنگاری کۆرۆنا ده‌بێته‌وه‌


هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە سیستەمی بەرگریی لەش، دکتۆر فکری عەلی ،دەکرێت بە کۆمەڵێک خۆراکی تەندروست، سیستەمی بەرگریی لەش بەرز بکەینەوە، چەند لە خواردنە ئاژەڵییەکان دوور بکەویەوە، ئەوەندە سیستەمی بەرگریی لەش بەهێز دەبێت..


پزیشکێک کە هەڵگری بروانامەی دکتۆرایە لە سیستەمی بەرگریی لەش، ئاماژە بەوە دەکات کە سیستەمی بەرگریی لەش دەتوانێت بەرەنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێتەوە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەو حاڵەتەی لە ئەورووپا روویداوە لێرە روونادات بەهۆی بۆماوەیی خەڵکی ناوچەکە و رێکخستنی سیستەمی خەو و خواردنی ڤیتامینەکانیش بە بەشێک لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە دەزانێت و پێشبینی دەکات لە کۆتایی مانگی چوار بەهۆی گەرمبوونی کەشوهەوا ئەم ڤایرۆسە کۆتایی بێت.

لەبارەی جۆر و شێواز و پێکهاتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە سیستەمی بەرگریی لەش، دکتۆر فکری عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم ڤایرۆسە وەک هەر ڤایرۆسێکی دیکە پێکهاتەیەکی زۆر بچووکە، بچووکییەکەی دەگاتە ١٠٠ تا ١٢٠ نانۆمیتر، پێکهاتووە لە بەرگێکی چەوری لەگەڵ ماددەیەکی بۆماوەیی و پڕۆتین، کاتێک ئەم ڤایرۆسە دەچێتە ناو خانەکانی لەشی مرۆڤ و لەکاتی دەرچوونی لە خانەکە، پەردەیەکی چەوری لەگەڵ خۆی وەردەگرێت، یەکێک لەو خاڵانەی کە وایکرد ئەم ڤایرۆسە لاواز بێت ئەوەیە، چونکە ئەم پەردەیە هەروەکو چۆن رێنماییە تەندروستییەکانیش ئامۆژگارییان وایە کە دەستەکانمان بە کحول و سابون و ئاوی گەرم بشۆین، بە گەرمی و سابون و کحول تێکدەشکێت و کە پەردەکە تێکشکا، ئەوا خودی ڤایرۆسەکەش توانای دروستکردنی نەخۆشی نامینێت.

لەبارەی رێگاکانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، دکتۆر فکری عەلی گوتی ، ئەم ڤایرۆسە وەکو ئەنفلۆنزا لەیەکتردەچن، لە رێگای پژمین، کۆکە، بەریەککەوتن و دەستدان لە دەم و چاو، چونکە چوونە ژوورەوەی ڤایرۆسەکە لە رێگای چاو و دەم و لووتەوە دەبێت و دەگوازرێتەوە، هەرچەندە ئەم دوو بابەتەی کۆکە و پژمین بۆخۆیان دوو کاریگەری مرۆڤن بۆ بەرگرییکردن لە نەخۆشی، بە واتایەکی دیکە کاتێک مرۆڤ دەپژمێت ئەمە کاردانەوەیەکە بۆ ئەوەی خۆی لە نەخۆشییەکە بپارێزێت.

بەگوتەی دکتۆر فکری عەلی مانەوەی ڤایرۆسە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازە و زۆرترین ماوە لەسەر ماددەی پلاستیک دەمێنێتەوە و گوتی: "چەندین توێژینەوەکراوە لەسەر مانەوەی ئەم ڤایرۆسە لە هەوا و لەسەر تەنەکاندا، کۆتا شت کە باسکراوە ئەوەیە کە ماوەی سێ کاتژمێر لە هەوادا دەمێنێتەوە، لەسەر پارەی ئاسن نزیکەی چوار کاتژمێر، لەسەر کارتۆن و جلوبەرگ نزیکەی ٢٤ کاتژمێر و لەسەر پلاستیک نزیکەی دوو تا سێ رۆژ دەمێنێتەوە.

کاردانەوەی مرۆڤ بۆ خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە، سیستەمی بەرگریی لەشە و دکتۆر فکری عەلی سیستەمی بەرگریی لەش دەکاتە دوو جۆر و ئاماژە بەوە دەکات کە جۆری سیستەمی بەرگریی نا تایبەتمەند ئەرکی پاراستنی کەسەکەیە لە چوونە ژوورەوەی هەر ڤایرۆسێک و پەیوەندی لەگەڵ تەواوی خانەکانی لەشدا هەیە و گوتی: "بەرگریی لەش سیستەمێکە لە مرۆڤدا، دەتوانین بیکەینە دوو جۆر، یەکەمییان سیستەمی بەرگریی لەشی نا تایبەتمەند، یان سرووشتی، ئەمە پێشی ئەوەی میکڕۆبەکە بێت، ئێمە خۆمان ئەم بەرگرییەمان هەیە، بۆ نموونە پێست، پێستی مرۆڤ وەکو بەرگرییەکەی میکانیکی وایە، رێگریی دەکات کە هیچ میکڕۆبێک نەتوانێت بچێتە ژوورەوە، یان ئەو لنجە ماددەی لە لووتمان دەێتە خوارەوە، یان ئەو لینجە ماددەی لەناو ریخۆڵەکاندا هەیە، فرمێسکەکانی چاو، لیکی دەم و ئەو ماددەی لە گوێچکەکاندا هەیە، رێگریی دەکەن کە میکرۆب لەم دەرگایانەدا بچنە ژوورەوە، ئەم سیستەمی تایبەتە سیستەمێکی تێدایە پێی دەڵێن هەڵوشێنەر، بۆ نموونە کاتێک میکڕۆبێک لە رێگای برینێکەوە دەچێتە جەستە و هێڵی یەکەمی لەش دەبڕێت، ئەم خانەیە دەست دەکات بە قووتدانی ئەم میکرۆبە و لەناوبردنی.

دكتۆر فكری عه‌لی گوتیشی:لە ‌حاڵەتی ڤایرۆسدا شتێکی گرنگ هەیە کە خەڵک نابێت لێی بترسێت ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر خەڵک بزانێت سیستەمی بەرگریی لەش چۆنە ئەوا ناترسێت، چونکە کاتێک ڤایرۆس دێتە ناو هەر خانەیەک لە خانەکانی لەشی مرۆڤ، خوا بەشێوەیەک دروستیکردووە کە وا لەو ماددەیە دەکات شتێک دەربدات پێی دەڵێن ئینتەرفیڕۆن، ئەو ماددەیە برووسکەیەک بۆ خانەکانی دەورووبەری خۆی دەنێرێت کە ئاگاداریان دەکاتەوە لە پێکهاتە و شێوازی ڤایرۆسەکە، خانەکە بۆخۆی دەمرێت و خۆی دەکاتە قوربانی، دواتر ڤایرۆسەکە هەوڵدەدات تووشی خانەکانی دەورووبەری بێت، لەم کاتەدا خانەکە بەهۆی دەردانی ئینتەرفیڕۆنەوە و دروستکردنی پڕۆتینەوە ڤایرۆسەکە تێکدەشکێنێت، ئەم ڤایرۆسەی کە ئێستا ئێمە باسی دەکەین، پێکهاتەکەی بۆماوەیی ئێن ئاڕ ئەی-یە، ئەم ئیتەرفیڕۆنە دوو پێکهاتەی پڕۆتینی بۆ دروست دەکات، یەکێکیان پێی دەگوترێت تێکشکێنەری ئێن ئاڕ ئەی، ئەوەی دیکە پێی دەڵێن تێکشکێنەری پڕۆتینەکان، بۆیە ئێستا هەموو زاناکان سەرقاڵن کە پڕۆتینێک لەسەر رووکەشی ڤایرۆسەکە هەیە، پێی دەگوترێت ئێس پڕۆتین، ئەم پڕۆتینە دەبێت لەناو خانەکە دروست بکرێت، بەڵام ئەم ئینتەرفیڕۆنە رێگریی دەکات ئەم پڕۆتینە دروست بێت، بۆیە ئەگەر ئێمە سیستەمی بەرگریی لەشمان بەهێز بێت ئەوا بە دڵنیایییەوە ڤایرۆسەکە ناتوانێت دروست بێت.

له‌باره‌ی سیسته‌می دووه‌میشیانه‌وه‌ دکتۆر فکری عەلی گوتی: "سیستەمی دووەمیان پێی دەڵێن بەرگریی تایبەت، تایبەتە بەیەک جۆر میکرۆب یان یەک جۆر ڤایرۆس، کاتێک ڤایرۆسەکە دێتە ناو لەش، ئینجا ئەم سیستەمە هەڵدەسێت بە دروستکردنی بەرگریی، ئەمەیان بۆخۆمان دروستی دەکەین وەک بەکارهێنانی پێکوتە کە وا لە بەرگریی تایبەتی نەخۆشەکە دەکرێت کە کاردانەوەیەک بەرامبەر نەخۆشەکە دروست دەکات و بۆ ماوەیەکی زۆر دەمینێتەوە.

لەبارەی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا، دکتۆر فکری عەلی گوتی: ژمارەیەک هۆکار هەیە، هەندێکیان بەدەست خۆمانە و هەندێک لە دەرەوەی ئیرادەی خۆمانە، بۆ نموونە تەمەن بەدەست مرۆڤ نییە و ئەمەش شتێکی ئاساییە کە تەمەن چەند لە هەڵکشان بێت ئەوا هێزی بەرگریی لەش دادەبەزێت، بەڵام بەو مانایە نییە کە بڵێن گەنجەکان بێ کێشەن لە رووی بەرگریی لەشەوە، بۆیە دەکرێت بە کۆمەڵێک خۆراکی تەندروست، هێزی بەرگریی لەش بەرز بکەینەوە، بابەتێکی دیکە هەیە ئەویش رەگەزە، ئەگەر سەرنجت دابێت ئافرەت کەمتر تووش دەبێت لە پیاو کە ئەمەش دوو هۆکار هەیە، یەکەمیان پیاو زیاتر بەرکەوتەی ڤایرۆسەکەیە بەپێی ئەوەی زیاتر دەچێتە دەرەوە، لەگەڵ ئەوەشدا فسیۆلۆجی پیاو و ئافرەت جیاوازە، دوو هۆڕمۆنمان هەیە، هۆڕمۆنی نێرینە و هۆڕمۆنی مێینە، ئافرەت هۆڕمۆنێکی هەیە پێی دەڵێن ئیسترۆجین کە وا دەکات سیستەمی بەرگریی بەرزبێتەوە، بەڵام لە پیاودا هۆڕمۆنی تیستیستڕۆن هەیە کە ئەمە بەرگریی دادەبەزێنێت بۆیە دەبینین رێژەی تووشبوون و مردن لە ئافرەت کەمترە بەراورد بە پیاو.

دکتۆر فکری عەلی ئاماژە بە بابەتێکی دیکە دەکات کە ئەویش رەچەڵەکە و بەپێی دەستنیشانکردنی رەچەڵەکەکان، ئەم ڤایرۆسە کەمتر تووشی هاووڵاتییانی ئێمە دەبێت بەراورد بە ئەورووپییەکان و لەمبارەیەوە دەڵێت حاڵەتێکی دیکە هەیە کە رەچەڵەکە، رەشپێست بە پلەی یەکەم، گەنم رەنگ بە پلەی دووەم، زەرد پێست بە پلەی سێیەم و ئەورووپییەکان بە پلەی چوارەم دێن لە هێزی بەرگریی لەش، سەیر دەکەین ئەفەریقییەکان کەمتر تووش دەبن، دوای ئەوە گەنم رەنگەکان دێن وەک ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەچاو ئەورووپییەکان تووشبوونییان کەمترە، دوای ئەو چینییەکان و یابانییەکان دێن کە پێیان دەڵێن زەرد پێستەکان، ئەوانیش کە سەرچاوەی نەخۆشییەکە بوون کاتێک بەراوردی دەکەی لەگەڵ ئەو ‌حاڵەتەی لە ئەورووپا روویداوە زۆر جیاوازە، سەیری ئیتاڵیا دەکەین کە دووەم سیستەمی بەهێزی تەندروستی هەیە لە جیهاندا ئینجا دەبینین خەریکە دەبێتە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، بۆیە دەبێت خەڵک لەوە دڵنیابکەینەوە کە ئەو حاڵەتەی لە ئەورووپا روودەدات، لێرە روونادات، چونکە ئەوان سیستەمی بەرگریی لەشیان لاوازە و بەراورد ناکرێت بە ئەوانی دیکە.

هەندێک سەرچاوە ئاماژە بە جۆری خواردنەکان دەکەن بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی لەش و سەبارەت بەم پرسە، دکتۆر فکری عەلی گوتی: "چەند لە خواردنە ئاژەڵییەکان دوور بکەویەوە، ئەوەندە سیستەمی بەرگریی لەش بەهێز دەبێت، گرنگە لەم کاتەدا خەڵک زیاتر روو لە خواردنە رووەکییەکان بکات، بەتایبەت ئەوانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامینەکان وەکو ڤیتامین دی کە لە ماسی هەیە، بەڵام هەموو ماسییەک نا، چونکە ڤیتامین دی رۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەرگریی لەش، ڤیتامین سی کە ئێستا لە چین رۆژانە چەند هەزار ملیگرامێک ڤیتامین سی دەدەن بە نەخۆشەکانی وهان و ئەنجامی باشیان دەستکەوتووە.

دکتۆر فکری عەلی جەختیش لەوە دەکاتەوە کە تا ئێستا هیچ دەرمانێک وەکو چارەسەر بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: تا ئێستا ئەوەی چاکبووەتەوە تەنها بە بەرگریی لەش چاکبووەتەوە و هیچ جۆرە دەرمانێک نییە کە پێی بگوترێت دژەڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەوانەی باس دەکرێن هیچی چارەسەری ڤایرۆسەکە نییە و دەمەوێت پەیامێک بە خەڵک بدەین کە نەچێت دەرمان بەکاربهێنێت وەک دەرمانەکانی ئیریسرۆمایسین کە کێشەی دیکەت بۆ دروست دەکات، بۆیە بە گشتی خواردنی چەرەزات و سەوزەوات و میوەکان کە ئەمە بەرگریی لەش بەهێز دەکات و لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا خۆپارێزی لە بەریەککەوتن هۆکارێکی دیکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە.