18 کەسی دیکە لە عێراق توشی کۆرۆنا بوون

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەجەف واى رایگەیاندووه

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەجەف رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 18 حاڵەتی نوێی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکەیاندا تۆمارکراون، بەوەش ژمارەی توشبوانی پارێزگاکە بەرزبوەتەوە بۆ 99 حاڵەتی توشبون.

باسی لەوەشکردوە، پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ 83 حاڵەتی گومانلێکراو کردوە، لە نێوانیاندا ئەنجامی پشکنینی 18 کەسیان پۆزەتیڤ بوە، سەرجەم رێکارە پێویستەکان بۆ چارەسەری توشبوانی ڤایرۆسەکە گیراوەتەبەر.

تەندروستی نەجەف رونیشیکردەوە، لە نێوان توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکەدا 16 کەس نەخۆشێکەیان پەڕاندوە و چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە و دو توشبوی پارێزگاکە کە گەشتیاری ئێرانیبون گەڕاونەتەوە وڵاتەکەی خۆیان.

ئەمە لەکاتێکدایە بەیانی ئەمڕۆ دوشەممە دو کەسی دیکە بەهۆی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە واست و نەجەف گیانیان لەدەستدا و کۆی ئەو کەسانەی لە عێراق بەهۆی کۆرۆناوە گیانیانلەدەستداوە گەیشتە 44 کەس.

بە گوێرەی ئامارە  فەرمییەکان تا ئێستا 547 حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 143 کەسیان چاکبونەتەوە و 44 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش هەبوە.