حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر چاره‌نوسی خوێندنی ئه‌مساڵ و جێ به‌جێ كردنى یاسای چاكسازی كۆده‌بێته‌وه‌

تاوتوێی چۆنیەتی دابینكردنی مووچە و ھاوكاریكردنی ئەو كاسبكارانەی كە لەم بارودۆخه‌دا زەرەرمەندبوون ده‌كرێت

ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ ، ئەنجوومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تى مه‌سرور بارزانى كۆدەبێتەوە

له‌كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مرۆی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران  چەند پرسێكی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و داھاتووی خوێندنی ئەمساڵ تاوتوێ دەكرێت

ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی كۆببێتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا چەند پرسێكی پەیوەست بە رێكارەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا تاوتوێ دەكرێن، لەوانە، چۆنیەتی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان. 

ھەروەھا تاوتوێكردنی پڕۆژە بڕیارێك بۆ ھاوكاریكردنی ئەو كاسبكارانەی كە لە ئەنجامی ئەم بارودۆخەدا بەھۆی رێكارەكانی حكوومەت زەرەرمەندبوونە و بژێوی ژیانیان لەدەستداوە، لە بواری كرێی دوكانەكان و كەمكردنەوەی باج.

 راشیگه‌یاند ، گەشبینین ئەنجوومەنی وەزیران بگاتە ئەنجامێكی باش بۆ ھاوكاریكردنی ئەو كەسانە.

 وتیشى تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، ئامادەكارییە بۆ خوێندنی ئۆنلاین و وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا پلانی خۆیان دەخەنەڕوو دەربارەی چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ، بۆ ئەوەی حكوومەت بەرچاوی روون بێت بۆ خوێندنی ئۆنلاین و ھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی و دڵنیابوونەوە لەوەی خوێندنی ئەمساڵ نەفەوتێت.