تره‌مپ دووباره ره‌خنه له رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی ده‌گرێت
دۆناڵد تره‌مپ ،سه‌رۆكی ئه‌مریكا، رایگه‌یاند كه له داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌یاننامه‌یه‌ك له‌سه‌ر رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهان بڵاوده‌كاته‌وه و ئاماژه به‌وه‌یش ده‌كات كه شێوازی مامهڵهكرنی ئه‌م دواییه‌ی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی له‌گه‌ڵ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19 )، زۆر جێگه‌ی داخه.
دۆناڵد تره‌مپ له میانی چالاكییه‌كدا له كۆشكی سپی ئاشكرای كرد كه به‌م نزیكانه بڕیارێك سه‌باره‌ت به هاوكارییه داراییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی ده‌رده‌كات و باسی له‌وه‌كرد كه بیری كردبوویه‌وه هاوكارییه داراییه‌كان به ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی كه‌م بكاته‌وه، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك كه‌س هه‌ستیان كرد ئه‌و بڕه پاره‌یه زۆره.
سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ له وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی له‌به‌رچ ھۆكارێك له كۆنگره‌ی ساڵانه‌ی رێكخراوی ته‌ندروستیی، گوتاری پێشكه‌ش نه‌كردووه گوتی: "وام به باشی زانی كه گۆتار له كۆنگره‌كه‌دا پێشكه‌ش نه‌كه‌م و له داھاتوویه‌كی نزیكدا، به‌یاننامه‌یه‌ك له‌سه‌ر رێكخراوی ته‌ندروستیی جیھانی بڵاوده‌كه‌مه‌وه، جگه له‌وه‌ش من پێم واییه، ئه‌وان به‌م دواییه كاری وایان كردووه كه زۆر جێگه‌ی داخه".
له ٣٠ی كانوونی دووه‌می رابردوو، رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی به‌هۆی ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19 )ه‌وه باری له‌ناكاوی رایگه‌یاند و هه‌وڵی زۆری دا بۆ ئه‌وه‌ی بڵێت "چین هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی نه‌كردووه" وێرای ئه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه بۆ یه‌كه‌مجار له شاری وهان رۆژهه‌ڵاتی چین سه‌ریهه‌ڵدا.
به‌هۆی ئه‌و كاره‌وه، سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ ره‌خنه‌ی له رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی گرت و له مانگی ئاداری رابردوودا، هاوكارییه داراییه‌كانی ئه‌مریكای بۆ رێكخراوه‌كه كه‌م كرده‌وه.
پێشتر ئه‌مریكا ساڵانه، ٤٠٠ ملیۆن دۆلار وه‌ك هاوكاریی دارایی، پێشكه‌ش به رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی ده‌كرد.