ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ژماره‌یه‌ك بڕیاری نوێی ده‌ركرد

ئەو هاووڵاتییانەی کە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت بێنە پارێزگای هەولێر، بەپێی سیستەمی رێگەپێدانی ئەلکترۆنی دەبێت

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئه‌مڕۆ كۆبوه‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك بڕیاری نوێی ده‌ركرد.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر:-

دوا بەدوای بەیانی ژمارە (37)ی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 2020.5.27، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە 2020.5.28، بەسەرپەرشتی د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبووە و کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:-                                                                    

یەکەم: بە پشت بەستن بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی یەک شەممە 2020.5.31 وە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی گشتی و تاکسی بەسەرنشینەکانییەوە، دەبێت پابەندبن بە بەستنی (دەمامک) و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەپێچەوانەوە سەرپێچی کاران ئەو سزایەیان بەسەردا دەسەپێ کە لە خاڵی (دەیەم)ی بەیانی ژمارە (37)ی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدراوە.                        

دووەم: سەرجەم (مۆڵ، مارکێت، مینی مارکێت، دوکان، بازاڕ و شوێنە گشتیەکان) ئاگادار دەکەینەوە، پابەندبن بە جێبەجێکردنی گشت رێنماییە تەندروستییەکان بە تایبەتی بەستانی (دەمامک) بۆ کرێکاران و خاوەنی دوکان و فرۆشیاران و ئەو هاووڵاتییانەشی سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن، بە پێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان لە بەرمبەردا دەگیرێتەبەر.                

سێیەم: ئەو هاووڵاتییانەی کە لە پارێزگاکانی تری عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەیانەوێت بێنە پارێزگای هەولێر، چ هاووڵاتی سڤیل بن، یان هێزە ئەمنییەکان، بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت پابەندبن بەوەی لەسەر ئەرکی خۆیان بۆماوەی (48) کاتژمێر کەرنتین بکرێن و دوای دەرچوونی پشکنینەکانی ڤایرۆسی کۆرونا کە تێچووی پشکنییەکە لەئەستۆی خۆیانە لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە، یان بڕوانامەی تووش نەبوونیان ڵەگەڵدابێت کەپێش (24) کاتژمێر لەهاتنییان بۆ پارێزگای هەولێر دەرچووبێت، دەبێت لەماڵەوە خۆی کەرەنتین بکات، بەپێچەوانەوە هەموو ئەوانەی لەو پارێزگا و ناوچانەوە دەیانەوێت بگەڕێنەوە شاری هەولێر ڕێگەیان پێنادرێت.

چوارەم: بۆ هاتنی ئەو هاووڵاتییانەی کە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت بێنە پارێزگای هەولێر، بەپێی سیستەمی رێگەپێدانی ئەلکترۆنی دەبێت کە لەسەر وێب سایتی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەناونیشانی  https://www.moi.gov.krd/ دانراوە.

پێنجەم: هاووڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەکەینەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتۆتە قۆناغێکی مەترسیدار و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە تەشەنکردنی زیاتر دایە و سەرچاوەی بەشێک لە تووشبوانی ئەم دوایەش نادیارە و بەشێکی ئەوانەشی لەم دوایەدا توشی ڤایرۆسەکە بوونە باری تەندروستییان ناجێگیرە، بۆیە داواکارین لە هەموولایەک پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و خۆیان لەشوێنی قەرەباڵغ و هەر جۆرە بەریەککەوتن و کۆبوونەوەیەک بپارێزن و دەمامک ببەستن. 

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر

2020.5.28