ئه‌مرۆ ٥ی حوزه‌یران ڕۆژی جیهانی ژینگه‌یه

بۆنه‌یه‌كه‌ بۆ هۆشیاریی زیاتر له‌ بواری ژینگه‌دا

له‌ ٥ی حوزه‌یرانی هه‌موو ساڵێك جیهان به‌ گشتی و ژینگه‌ دۆستان به‌ تایبه‌تی یادی بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی ژینگه‌ (EDW) به‌رز ڕاده‌گرن، ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ كۆنگره‌ی )ستۆكهۆڵم(ی تایبه‌ت به‌ ژینگه‌وه‌ له‌ ساڵی 1972دا به‌ ڕۆژی ژینگه‌ ناساند، هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا (به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژینگه‌) (UNEP) دامه‌زرا.

ئه‌م ڕۆژه‌ بۆنه‌یه‌كه‌ بۆ هۆشیاریی زیاتر له‌ بواری ژینگه‌دا و بۆ سه‌رنجڕاكێشانی سیاسه‌تمه‌دار و بڕیاربه‌ده‌ستانی جیهان به‌لای ژینگه‌دا، دروستكردنی بایه‌خ پێدانێكی جیهانی به‌ ژینگه‌ و پێكهێنه‌ره‌كانی .

هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ بره‌ودان به‌ ڕۆڵی كۆمه‌ڵگا له‌ گۆڕینی هه‌ڵوێسته‌كان به‌ ئاراسته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ و دروستكردنی هه‌ستێكی جیهانیی لای دانیشتووانی گۆی زه‌وی به‌و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌یه‌ی كه‌ چاره‌نووسی هه‌موویانی به‌یه‌كه‌وه‌ گرێداوه‌.

له‌ ڕۆژی جیهانیی ژینگه‌دا، پێویسته‌ له‌ بیری ئه‌وه‌دا بین كه‌ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی مرۆڤ له‌ ڕووی ژینگه‌ییه‌وه‌ له‌ مافه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خۆیه‌تی وه‌ك به‌شێك له‌ مافه‌كانی مرۆڤ به‌ گشتی .

ده‌ستكه‌وتنی ئاوی خاوێنی خواردنه‌وه‌ و بوونی سیسته‌مێكی گونجاو بۆ ئاوه‌ڕۆكان و بوونی میكانیزمێكی بێ زیان بۆ ڕزگاربوون له‌ پاشماوه‌ و پاشه‌ڕۆكان و زیادكردنی ڕوبه‌ری سه‌وزایی و دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ی دیزاینی شاره‌كان به‌ئاراسته‌ی كه‌م كردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی و پاراستنی زینده‌جۆره‌كان و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مینی چینراو و... هتد , له‌ مافه‌ بنچینه‌ییه‌كانی مرۆڤن.

بۆ هه‌موو ئه‌مانه‌ش بوونی ئیڕاده‌یه‌كی به‌هێزی سیاسیی و ئیداره‌یه‌كی زانستیانه‌ی ژینگه‌یی زۆرگرنگن بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی تایبه‌ت به‌ ژینگه‌ و هاوكاریی نێوده‌وڵه‌تیی و كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژاریی و كۆنتڕۆڵ كردنی جه‌نگه‌كان و په‌یڕه‌وكردنی په‌ره‌پێدانی هه‌میشه‌یی و به‌رده‌وام (Sustainable Development) هه‌نگاوی زۆر گرنگن كه‌ كارده‌كه‌نه‌ سه‌ر گۆڕینی دروشمه‌كان له‌ وشه‌وه‌ بۆ كردار، له‌ قسه‌وه‌ بۆ پڕۆژه‌.

ڕۆژی ژینگه‌ی جیهانی ده‌رفه‌تێكمان بۆ ده‌ڕه‌‌خسێنی بۆ پێداچوونه‌وه‌ی كاره‌كانمان سه‌باره‌ت به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژاری و زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتوان و په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری و پاراستنی ژینگه‌ و به‌ڕه‌‌وا به‌كارهێنانی سامانه‌ سروشتییه‌كان و ڕێگه‌ گرتن له‌ پیسبوونی كه‌ش و هه‌وا و پلاندانان بۆ دواڕۆژ و... هتد.

ڕۆژی جیهانیی ژینگه‌، هۆكارێكیشه‌ كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ گه‌لان ڕۆژی تایبه‌تیان بۆ ژینگه‌ی لۆكاڵی خۆیان دیاری كردوه‌ و تیایدا له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمایه‌تی و نیشتمانی، چالاكی جۆراوجۆر ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌ پێناوی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌دا، بۆ نموونه‌:

- ٥ی حوزه‌یرانی هه‌موو ساڵێك ڕۆژی جیهانیی ژینگه‌یه‌.

- ١٤ی تشرینی یه‌كه‌می هه‌موو ساڵێك ڕۆژی ژینگه‌ی وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كانه‌.

- ١٥ی نیسانی هه‌موو ساڵێك ڕۆژی ژینگه‌ی عێراقه‌، كه‌ به‌ نووسراوی ڕه‌سمی ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی حوكمی عێراقم كرد وه‌ك پێشنیار و ئه‌نجومه‌نیش به‌ ڕه‌سمی پێشنیاره‌كه‌ی په‌سه‌ندكرد و له‌ ساڵی 2004وه‌ هه‌موو ساڵێك له‌و ڕۆژه‌دا له‌ پارێزگاكانی عێراقدا چالاكی جۆراوجۆر ئه‌نجام ده‌درێت.

- رۆژی ١٦ی نیسانی هه‌موو ساڵێكیش رۆژی ژینگه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كه‌ پێویسته‌ له‌و رۆژه‌دا گرنگی ژینگه‌ زیاتر بۆ هاوڵاتیان روون بكرێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌/ ژینگه‌ پارێزی