لە بەغدا خۆپیشاندان دژبە تیرۆركردنی هیشام هاشمی به‌رێوه‌چوو

داوایان له‌حكومه‌ت ده‌كرد بكوژانی هیشام هاشمی دەستگیربكات بۆ ئەوەی سزای توند بدرێن.


 بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزاییەتی و ئیدانەكردنی تیرۆركردنی شرۆڤەكاری ئەمنیی، هیشام هاشمی سەدان کەس لە شارەكانی بەغدا، نەجەف و موسەننا خۆپیشاندانیان سازكرد


بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزاییەتی و ئیدانەكردنی تیرۆركردنی شرۆڤەكاری ئەمنیی، هیشام هاشمی سەدان کەس لە شارەكانی بەغدا، نەجەف و موسەننا خۆپیشاندانیان سازكرد.

سەدان كەس لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا، گردبوونەوە و لە میانیدا وێرای ئیدانەكردنی تیرۆركردنی شرۆڤەكاری ئەمنیی، هیشام هاشمی، هەروەها داوایان لە حكوومەت كرد كە بكوژانی هیشام هاشمی ئاشكرا بكات بۆ ئەوەی بدرێن بە دادگا.

هاوكات لە شاری نەجەف باشووری عێراق سەدان كەس لە میانی بەشداریكردنیان لە رێورەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی هیشام هاشمی لە گۆڕستانی وادی سەڵام، ئیدانەی تیرۆركردنی هاشمی-یانكرد.

یەكێك لە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكە بە ناوی مەككی جەمیل رایگه‌یاند: داوا لە حكوومەت دەكەین، گرووپە چەكدارەكانی دەرەوەی یاسا كۆنترۆڵ بكات، هەروەها بكوژانی هیشام هاشمی-یش دەستگیربكات بۆ ئەوەی سزای توند بدرێن.

لە لایەكی دیكەوە سەدان كەس لە ناوەڕاستی شاری سەماوە سەنتەری پارێزگای موسەننا باشووری عێراق خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و لە میانیدا بەتوندی ئیدانەی تیرۆركردنی هیشام هاشمی-یان كرد و داواشیان کرد سنوورێك بۆ تیرۆركردن لە عێراق دابندرێت.

رۆژی دووشەممەی رابردوو شرۆڤەكاری بواری ئەمنیی، هیشام هاشمی لە بەردەم ماڵەكەی لە ناوچەی زەیونە لە شاری بەغدا لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوە، تیرۆركرا.

تا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیاریەتی خۆی لە تیرۆركردنی هیشام هاشمی رانەگەیاندووە.

هیشام هاشمی ساڵی ١٩٧٣ لە بەغدا لەدایكبووە و شارەزا و شرۆڤەكار بووە لە بواری گرووپە چەكدارەكان و چەندین لێكۆڵینەوەی لەوبوارەدا هەیە.

دوێنێ‌ سێشەممە هەریەك لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەمریكا و بەریتانیا ئیدانەی تیرۆركردنی هیشام هاشمی-یان كردبوو و داواشیان لە دەسەڵاتدارانی عێراق كردبوو كە بكوژرانی شرۆڤەكاری بواری ئەمنیی هاشمی دەستگیر بكەن بۆ ئەوەی سزای توند بدرێن، هاوكات سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بەڵێنی دا، بكوژانی هیشام هاشمی دەستگیر بكات.

پێشتر ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق رایگەیاندبوو كە دەستەیەكی بە ئامانجی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی تیرۆركردن لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاكانی دیكە پێكهێناوە.