یه‌كێتى زانایانى ئاینى ئیسلامى كوردستان : تا ئێستا چوار مامۆستاى ئاینیمان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

زانایانی ئایینی پاڵپشتی و هاوکاریەکی گەورەیان ئەنجامداوە لە پێناو سەلامەتی هاووڵاتیان

سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، ژمارەی ئەو مامۆستا ئاینییانە ئاشكرا دەكات كە تووشی كۆرۆنا بوون، راشى گه‌یاند: تا ئێستا چوار مامۆستای ئاینی بە ڤایرۆسە كە گیانیان لەدەستداوە.

ئه‌مرۆ 13/7/2020دكتۆر عه‌بدولڵا مه‌لا سه‌عید وه‌یسى  سه‌رۆكى یه‌كێتى زانایانى ئاینى ئیسلامى له‌ راگه‌ێندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌ك بۆ كوردستان تیڤى نێردراوه‌ رایگه‌یاند به‌ پێى دواین ئاماره‌كانى سه‌رچاوه‌ پزیشكیه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تا ئێستا 30 مامۆستاى ئاینى تووشى ڤایرۆسى كۆرۆنا بوونه‌ چوارشمان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

هه‌رله‌و باره‌یه‌وه‌ د. عه‌بدولڵا مەلا سەعید رایگەیاند: ئێمه‌ وه‌ك مامۆستایانى ئاینى  لەسەرەتای پەیدابوونی نەخۆشی کۆرۆنا وه‌  هەوڵی تەواومان داوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی گشتی هاوکارو هەماهەنگ بین لە پرۆسەی خۆپارێزی لەو ڤایرۆسەو گرتنەبەری رێکاری پێویست لەو باره‌یه‌وه‌ ، هەم  به‌ رێکارە شەرعیەکانی خۆپارێزی و روونکردنەوەی بابەتە شەرعیەکانی پەیوەست بەو بوارەمان دیاری کردووە، هەم  پاڵپشت و هاوکاربووین لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ هاوڵاتیان سەبارەت بە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی.

سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: دەتوانم بڵێم زانایانی ئایینی پاڵپشتی و هاوکاریەکی گەورەیان ئەنجامداوە لە پێناو سەلامەتی هاووڵاتیان و پابەندی و جێبەجێ کردنی بریارەکان، هەر ئەوەش هۆکار بووە مامۆستایانی ئایینی ملکەچی داخستنی مزگەوتەکان بوونە، چونکە لە تێروانینی ئەوان و تێگەیشتنیان بۆ مەقاسیدی شەریعەت سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان لەسەرو  هەموو شتێکەوە بووە.

 سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: له‌ سه‌ره‌تاى توشبوونى مامۆستایان ئێمە وەکو یەکێتی زانایان بەردەوام لە پەیوەندی دابووینە لەگەڵ ئەو مامۆستا بەرێزانەی تووشی کۆرۆنا بوونەو به‌هه‌ماهه‌نگى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى چاودێری دۆخی تەندروستی و ئاماری تووشبووانمان کردووە.