زانايان كاره‌با له‌ڕێگه‌ى وزەى سێبه‌ره‌وه‌ به‌رهه‌م دێنن  

هاوشێوه‌ى شانه‌ هه‌تاوييه‌كان تواناى كۆكردنه‌وه‌ ‌و كۆنترۆڵكردنى وزه‌ى هه‌يه‌

زانايان له‌ سه‌نگاپووره‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن رێگايه‌كى نوێ په‌ره‌ پێبده‌ن بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با به‌ پشت به‌ست به‌ وزه‌ى سێبه‌ر و، به‌و ئومێده‌ن بتوانن يارمه‌تى شاره‌ پڕ ئاپۆره‌كان بده‌ن تا خۆيان و‌زه‌ى پێويست‌ به‌خۆيان به‌رهه‌م بێنن.
"جه‌نه‌رێته‌رى وزه‌ به‌ كاريگه‌ريى سێبه‌ر" كه‌ له‌لايه‌ن زانكۆى نيشتمانيى سه‌نگاپووره‌ په‌ره‌ى پێ دراوه‌، هاوشێوه‌ى شانه‌ هه‌تاوييه‌كان تواناى كۆكردنه‌وه‌ ‌و كۆنترۆڵكردنى وزه‌ى هه‌يه‌، به‌ڵام بێ پشت به‌ستن به‌ رووبه‌رى كراوه‌ و بوونى رووناكيى به‌رده‌وام.
بۆئه‌وه‌ى ئامێره‌كه‌ش به‌ رێكوپێكى كار بكات، پێويستى به‌ دوو شت هه‌يه‌: رووناكی و سێبه‌ر، هاوشێوه‌ى بيرۆكه‌ى كاركردنى په‌ناڵه‌كانى وزه‌ى هه‌تاو، ئه‌م سيسته‌مه‌ بۆ چالاككردنى ئه‌ليكترۆنه‌كان پشت به‌ ستوونبوونى رووناكی له‌سه‌ر سليكۆن ده‌به‌ستێ، به‌ڵام به‌ به‌كارهێنانى چينێكى ته‌نكى زێڕ يان زيو يان پلاتين يان ته‌نگستن و‌ جياوازى تينى رووناكى وا له‌ ئه‌ليكترۆنه‌كان ده‌كات له‌ ناوچه‌ رووناكه‌كانه‌وه‌ به‌ره‌و ناوچه‌ سێبه‌ره‌كان بجووڵێن، به‌مه‌ش كاره‌با له‌ ناوچه‌ سێبه‌ره‌كان دروست ده‌بێت.
سه‌رۆكى تيمى تۆژينه‌وه‌كه‌ دكتۆر سۆى چينگ ده‌ڵێ: "ده‌توانرێ ئه‌م جه‌نه‌رێته‌ره‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ى رووناكى له‌و شوێنه‌ سێبه‌رانه‌دا دابنرێت كه‌ به‌ربه‌ست ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م رووناكيى و رێڕه‌وه‌كه‌ى ده‌گۆڕێت".
پێوانه‌ى ئه‌و په‌ناڵانه‌ى ئه‌م تيمه‌ى تۆژينه‌وه‌ له‌ تاقيكردنه‌وه‌كانيدا به‌كارى ده‌هێنێ 6 سانتيمه‌ترى چوارگۆشه‌يه‌ و تواناى به‌رهه‌مهێنانى چاره‌گه‌ ڤۆڵتێكى هه‌يه‌، واتا بۆ به‌كارخستنى گڵۆپێكى كاره‌با يان بارگاويكردنى مۆبايلێك پێويستمان به‌ 20 په‌ناڵ ده‌بێ، به‌ڵام زانايان كار له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانى داهێنانه‌كه‌يان ده‌كه‌ن تا بتوانن له‌ ئاينده‌دا ئه‌م سيسته‌مه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له‌و شارانه‌دا به‌كاربێنن كه‌ به‌هۆى بوونى باڵه‌خانه‌ى بڵند و باڵه‌خانه‌ هه‌وربڕه‌كان ناتوانرێ سوود له‌ په‌ناڵه‌كانى وزه‌ى خۆر وه‌ربگيرێ و تيشكى خۆر ناگاته‌ هه‌موو شوێنێك، به‌ڵام سێبه‌ر به‌ به‌رده‌وامى له‌ هه‌موو شوێنێكى ئه‌و شارانه‌دا هه‌يه‌.
ژێده‌ر: Kurdistan CT