"جه‌لیل قه‌یسی " ڕه‌مزی برایه‌تی بوو له‌ كه‌ركووك

(ده‌زگای ئاراس)یش كارێكی زۆر باشی كرد سه‌رجه‌می به‌رهەمە‌كانی له‌ دوو به‌رگدا به‌ چاپ گه‌یاند

جه‌لیل قه‌یسی یه‌كێكه‌ له‌ ناوه‌ دره‌وشاوه‌كانی ئه‌ده‌بیاتی ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو له‌ عێراق و وڵاتانی عه‌ره‌بی ، ئه‌و كه‌ زیاتر به‌ چیڕۆكنووس ناسرابوو ، به‌ڵام له‌ نووسه‌ره‌ دیار و باشه‌كانی ده‌قی شانۆییش بوو ، به‌درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ش دوو داهێنی گه‌وره‌ی بواری چیڕۆكنووسین له‌ عێراق جه‌لیل قه‌یسی و محه‌مه‌د خزه‌یر بوون كه‌ ڕێزیان له‌ قه‌ڵه‌می خۆیان گرت و نه‌بوونه‌ زوڕناژه‌نی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركوتكه‌ر ، بۆیه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌دیبانی كورده‌وه‌ ڕێزی زۆریان لێ ده‌گیرا و خۆشیان ده‌ویستن .

جه‌لیل قه‌یسی ساڵی ۱۹۳۷ له‌ شاری كه‌ركووك له‌ دایك بووه‌ ، دایكی كورد (له‌ زه‌نگی)یه‌كانه‌ ، باوكیشی سه‌ر به‌ عه‌شیره‌تی كوره‌وی بوو ، كه‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی مێژوو سه‌لماندوویه‌تی ئه‌م عه‌شیره‌ته‌ش كوردن . هاوژینه‌كه‌ی (ئه‌رده‌میز) ئه‌رمه‌نی بوو و به‌ كاری مامۆستایه‌تییه‌وه‌ خه‌ریك بوو ، ته‌نیا كوڕێك و كچێكی به‌ ناوه‌كانی ئوسامه‌ و ئومه‌یمه‌ هه‌بوو ، له‌ گه‌ڕه‌كی ته‌په‌ی مه‌لا عه‌بدوڵڵا داده‌نیشت .

من له‌ ساڵی ۱۹۷۸ه‌وه‌ ئه‌و چیڕۆكنووسه‌م ناسی ، كاتێك له‌ دیداری چیڕۆكی عیراقی به‌شدار بوو ، كه‌ منیش یه‌كێك له‌ بانگكراوه‌كانی ئه‌و دیداره‌ بووم ، ڕۆژی یه‌كه‌م هه‌ر به‌ ڕێكه‌وت له‌ هۆڵه‌كه‌ به‌ته‌نیشت یه‌كه‌وه‌ دانیشتبووین ، كاغه‌زێكی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو وێنه‌ی له‌سه‌ر ده‌كێشا ، هه‌ندێ نووسینیشی له‌سه‌ر كاغه‌زه‌كه‌ نووسیبوو ، كه‌ كۆڕه‌كه‌ ته‌واو بوو ، كاغه‌زه‌كه‌ی فڕێ دا ، من هه‌ڵم گرته‌وه‌ و سه‌یرم كرد هه‌ندێ سكێجی كێشابوو ، دێڕێكی زۆر سه‌رنجی ڕاكێشام كه‌ نووسیبووی ( مسكین دوستویفسكی یستمع لمحاچره‌ النقاد) ، واته‌ ده‌یستۆڤسكی گوناحه‌ گوێ له‌ موحازه‌ره‌ی ڕه‌خنه‌گره‌كان ده‌گرێ .. ئه‌و ڕۆژه‌ش دوو سێ ڕه‌خنه‌گری عێراقی گه‌وره‌ و به‌ ناوبانگ موحازه‌ره‌یان هه‌بوو ، ئه‌وانیش د.عه‌لی جواد ئه‌لتاهر و د.عه‌لی عه‌باس عه‌لوان و د.شوجاع موسلیم ئه‌لعانی بوون .

ئێواره‌یه‌ك كه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ چیڕۆكی كوردی ته‌رخان كرابوو ، حسه‌ین عارف بابه‌تێكی به‌ ناوی (الواقعیه‌ الأنتقادیه‌ فی القصه‌ الكردیه‌) تێدا پێشكه‌ش كرد ، شه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ نووسه‌ران و شاعیرانی عه‌ره‌ب دانیشتین و شه‌وه‌كه‌یان ناو نا (لیله‌ كردیه‌ ـ شه‌وێكی كوردانه‌)، ئه‌و شه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عه‌بدولوه‌هاب ئه‌لبه‌یاتی و محه‌مه‌د خزه‌یر و جه‌لیل قه‌یسی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ دۆستی كورد ده‌زانی دانیشتین و له‌ نزیكه‌وه‌ به‌ یه‌كدی ئاشنا بووین ، دانیشتنه‌كه‌ش سه‌رومڕ بۆ باسی شیعر و چیڕۆك و ئه‌ده‌بیاتی كوردی ته‌رخان كرابوو ، هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ داوامان له‌ جه‌لیل قه‌یسی كرد سه‌ردانی سلێمانی بكات ، به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی كه‌ركووك له‌ سلێمانییه‌وه‌ نزیكه‌ ، ئه‌وه‌ بوو مانگی حوزه‌یرانی ساڵی ۱۹۷۹ هاته‌ سلێمانی ، چووینه‌ مه‌فره‌قه‌كه‌ی به‌كره‌جۆ و له‌وێ سه‌یرانێكمان ڕێك خست و چه‌ند سه‌عاتێكی مێژوویی خۆشمان له‌گه‌ڵی به‌ڕێ كرد ، هاوڕێكانیش كه‌ له‌ وێنه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتوون  ئه‌مانه‌ بوون : له‌  ڕاسته‌وه‌ دانیشتوو محه‌مه‌دی حه‌مه‌باقی . ڕاوه‌ستاوه‌كان : شێركۆ بێكه‌س ، مسته‌فا ساڵح كه‌ریم ، محه‌مه‌د نووری تۆفیق ، جه‌لیل قه‌یسی ، ئوسامه‌ی كوڕی ، عه‌بدوڵڵا ئاگرین ، ڕه‌ئووف بێگه‌رد .

جه‌لیل قه‌یسی ئه‌ندامێكی چالاك و به‌ده‌ره‌وه‌ی گرووپی كه‌ركووك بوو كه‌ ئه‌و گرووپه‌ نوێخوازه‌ له‌ شه‌سته‌كان كاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر نوێكردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌بی و عێراقی هه‌بوو ، ئه‌و گرووپه‌ش ئه‌و ناوانه‌ ڕایانگه‌یاند كه‌ ساڵانی دواتر بوونه‌ ناوی گه‌وره‌ی ناوه‌ندی ڕۆشنبیری ، ئه‌وانیش : فازڵ عه‌زاوی ، موئه‌یه‌د ئه‌لڕاوی ، جه‌لیل قه‌یسی ، سه‌رگۆن پۆڵس ، جان ده‌مۆ ، زوهدی داوودی و تاد بوون .

ktv

من له‌ ژیانمدا زۆر شاعیر و نووسه‌ر و ئه‌دیبی عه‌ره‌بم ناسیوه‌ ، به‌ڵام پیاوی وا ڕه‌وشت به‌رز و به‌ڕێز و هێمن و و خاكه‌ڕام نه‌دیوه‌ ، پیاوانی سه‌ر به‌ ڕژێم نه‌بێ ، ده‌نا كه‌س نه‌بوو خۆشی نه‌وێ ، ئه‌ویش كوردی زۆر خۆش ده‌ویست و متمانه‌ی پێیان هه‌بوو ، زوو زوو ده‌هاته‌ سلێمانی و سه‌ردانی ده‌كردین ، له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و فیستیڤاڵه‌كانی شانۆ به‌شدار ده‌بوو ، قسه‌م له‌ باره‌ی ئه‌و هاوڕێ و داهێنه‌ گه‌وره‌یه‌ زۆره‌ ، له‌ ده‌رفه‌تێك له‌ وتارێكی سه‌ربه‌خۆدا ده‌ینووسم و بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه‌ .

چوارده‌ ساڵه‌ ئه‌و نووسه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ ۲٠٠٦/۷/۲۷ به‌ جێی هێشتووین جگه‌ له‌ كورد و هاوڕێ به‌وه‌فاكانی له‌لایه‌ن كه‌سانی دیكه‌وه‌ به‌ ده‌گمه‌ن نه‌بێ لای لێ نه‌كراوه‌ته‌وه‌ ، (ده‌زگای ئاراس)یش كارێكی زۆر باشی كرد سه‌رجه‌می به‌رهه‌كانی له‌ دوو به‌رگدا به‌ چاپ گه‌یاند .

سڵاو له‌ گیانی پاكی ئه‌و نووسه‌ر و ڕووناكبیره‌ كه‌ركووكییه‌ كه‌ بووبووه‌ ڕه‌مزی برایه‌تی له‌ كه‌ركووك.

له‌ والی فیسبووكي كاك ئازاد عه‌بدلواحید وه‌رگیراوه‌