مه‌حمود مه‌حه‌مه‌د: ئه‌م ساڵ لەبەر ڕێکارەکانی تەندروستی گردبوونەوە و مەڕاسیم ئەنجام نادەین

پارتی بەبۆنەی ٧٤ ساڵەی دامەزراندنی گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەماوەری سەربەرزی پارتی و سەرجەم گەلی کوردستان دەکات

مه‌حمود مه‌حه‌مه‌د، گوته‌بێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بەبۆنەی ٧٤ ساڵەی یادی دامەزراندنی پارتی رایگەیاند، یادکردنەوەی جەماوەری بۆ ساڵیادی دامەزراندنی پارتی، لە شێوەی گردبوونەوە و مەڕاسیمە جەماوەریەکان، بەڕێوەناچن و تەنیا لە رێگەی کەناڵەکانی میدیاوە بە شکۆوە ئەم یادە بەجۆش و خرۆشە لە نێو دڵ و دەروونی گەلە خۆڕاگرەکەمان و کادیر و لایەنگران و جەماوەری پارتی، بەرز و پیرۆز رادەگرێت.

ڕاشیگه‌یاند: پارتی بەبۆنەی ٧٤ ساڵەی دامەزراندنی گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و، پێشمەرگە قارەمانەکان و کادیر و لایەنگران و جەماوەری سەربەرزی پارتی و سەرجەم گەلی کوردستان دەکات.

گوتیشی: ١٦ی ئاب، ساڵیادی پارتەکەمان، وەک رۆژێکی مێژوویی و پڕ شکۆ، رووداوێکی گرینگی مێژوویی سەر گۆڕەپانی سیاسی و تێکۆشانی کوردستان بوو کە لەسەر دەستی بارزانی نەمر دروست بوو.

هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پارتی سەرجەم دیالێکت و دەڤەر و پێکھاتەکان، سنوورە دەستکردەکانی بڕی و، وەک پارتێکی نەتەوەیی و کوردستانی کۆکراوە لەسەرجەم چین و توێژەکان وەرچەرخانێکی مێژوویی و سیاسی و نەتەوەیی خوڵقاند.

مەحموود محەمەد راشیدەگەیەنێت، ئەم رووداوە مێژووییە قەزیەی کوردی لەسەر جیوگرافیا کردە دیفاکتۆ و وەک سەکۆی خەباتی سیاسی و تێکۆشانی رزگاری لە ریزبەندی رووداوەکانی مێژووی کوردستان، مژدەبەخشی سەرکەوتن لە دوای سەرکەوتنی بۆ گەلی کوردستان تۆمار کرد، گیانی پێکەوەژیان و ئازادی و دیموکراتی و لە دایکبوونی فکری تێکۆشان بۆ سەرخستنی قەزیەی کوردستانی، گیانفیدایی بۆ پارێزگاریکردن لە ناسنامەی کورد و کوردستان بە خوێن و تێکۆشان لە دەستکەوتە بەنرخەکانی دامەزراندنی پارتەکەمانە بۆ کوردستانیان..

گوتەبێژی پارتی هه‌روه‌ها تەئکیدی کردەوە کە لەبەر کێشەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا هیچ جۆرە گردبونەوەو مەڕاسیمێک ئەمساڵ ئەنجام نادرێت تەنها کەناڵەکانی تلفزیۆنی ئازادن یادەکە بکەنەوە. گرنگی پێ بدەن.

داڕشتنه‌وه‌/ فەرمان عەلی