داعش له‌ عێراق به‌ هه‌یكه‌لى تازه‌وه‌، مه‌رامه‌كانى جێبه‌جێ ده‌كات

به‌پێى هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ى ئه‌منى عێراق، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، رۆژانه‌ لە سنوورى سووریاوە دزە دەکەنە ناو خاکی عێراق.

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش هەوڵی دزەکردنیان بۆ ناو خاکی عێراق داوە، بەڵام ئه‌و شوێنەی داعش دزه‌یی بۆ ده‌كات، به‌ دیاركراوى ئاشکرا نەکراوە.

ماڵپەڕی "شەفەق نیوز" لە سه‌ر زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە سوپای عێراق ئه‌مرۆ زیاتر لە 20 چەکداری داعشی دەستگیر کردووە، كه‌ له‌ سووریاوه‌ دزه‌یان كردووه‌ بۆ ناو خاكى عێراق.

تێزانین بۆ یه‌كه‌م جار لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و لە چەند رۆژێکی کەمدا، زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەواو دیالەو سەڵاحەین و ئەنباریان داگیر کرد.

ktv

فەرماندەی دەزگای دژەتیرۆری عێراق شوێنی مانەوە و کردە تیرۆریستییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئاشکرا دەکات.

عەبدولوەهاب ساعدی، فەرماندەی دژەتیرۆری عێراق بە کەناڵێکی وڵاتەکەی راگەیاندووە، چەکدارانی داعش خۆیان لە دۆڵ و زنجیرە چیاکانی دەوروبەری بەغداو دیالە و کەرکووک حەشار داوە.

عەبدولوەهاب ساعدی هەروەها رایگەیاندووە، هێزەکانیان ئێستا لە دوو شوێن کردەی سەربازی لە دژی داعش ئەنجام دەدەن، کە بریتین لە؛ ناوچەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و هێزە عێراقییەکان و دەوروبەری خانەقین، چونکە بەهۆی نەبوونی بۆردومانی ئاسمانیی لەو ناوچەیە، داعش دەستی بە کردە تیرۆریستییەکانی له‌و ناوچه‌دا کردووەتەوە.

له‌م باره‌وه‌ شارەزایه‌كى بوارى سەربازى رایده‌گه‌ینێت" زۆربەى چەکدارانى تیرۆریستى داعش سوننە مەزهەبى عێراقین، بە ئامانجى شێواندنى بارى ئەمنىی ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم، کردەوە تیرۆریستییەکانیان لەو سنوورانە ئەنجام دەدەن.

فەریقى یەکەم بابەکر زێبارى راوێژکارى سەربازى سەرۆکى هەرێمی کوردستان و شارەزاى بوارى سەربازى بە باسى راگەیاند" بەئامانجى تێکدانى دۆخى ئەمنیی ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم و بڵاوکردنەوەى ترس و دڵەڕاوکێ لاى دانیشتووانی ئەو ناوچانە، چەکدارانى رێکخراوى تیرۆریستى داعش ئێستا زۆرینەى جموجۆڵ و کردەوە تیرۆریستییەکانیان لەو ناوچانە ئەنجام دەدەن، بۆ ئەوەى ناوچەکە جێبهێڵن.

راشیگەیاند" ئێستا زۆرینەى چەکدارانى رێکخراوى تیرۆریستى داعش عێراقین بە جۆرێک سەدا 95 بۆ 98یان سوننە مەزهەبن، بۆیە شارەزاى تەواویشیان لەو ناوچانە هەیە و بە ئارەزووى خۆیان هاتوچۆ دەکەن و پیلانە تیرۆریستییەکانیان جێیەجێ دەکەن.

ئاماژەى بە ئەوەش کرد، كه‌ بەشێک لەو چەکدارانەى ئێستا لە رێزى داعشن عەرەبى هاوردەن و کاتى خۆى لە هەڵمەتى بەعەرەبکردنى ناوچە کوردستانییەکان هاتوونەتە ناوچەکە، بەڵام دواى نەمانى پێشمەرگە لەو ناوچانە دووبارە عەرەبە هاوردەکان گەڕانەوە و بوونە داعش، ئەمانە خەڵکێکى شۆڤێنى داخ لە دڵن و مەبەستیانە رێژەى کورد لەوناوچانە کەم بێتەوە.

ktv

رۆژانه‌ داعش له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانى عێراق كرده‌وه‌ى تیرۆریستى ئه‌نجام ده‌دات و ئێوارەی دوێنێش لە سنووری پارێزگاكانی دیالە، بەهۆی هێرشی داعشەوە بۆ  سەر ئۆتۆمبێلێک کە هاووڵاتیانی مەدەنیی تێدا بووە، لە ئەنجامدا حەوت هاووڵاتی بریندار بوون.

گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، رایگەیاند" ئێوارەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە نێوان قەزای شارەبان و شاری باقووبە لە سنووری دیالە تەقە لە سەرنشینانی دوو ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان كراوە و بەو هۆیەوە حه‌وت كەس بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەکان ئەو هێرشەی داعش بە چەکی سووک و نیوە قورس بووە و ڕووداوەکە لە نێوان هەردوو گوندی (ئەبووکەرەمە و ئەلکبە) بووه‌ و 25 کیلۆمەتر له‌ دوورى شاری بەعقووبە ڕووی داوە.

گوتیشی" ئەو كەسانەی كە تەقەیان لێ كراوە خەڵکی مەدەنی بوون و لە ئاهەنگی شاری گەڕاونەتەوە و هەموویان بریندرا بوون.

پاش ئەو ڕووداوە هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەو ناوچەیە کەوتوونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە دەستیان بە گەڕان و پشکنینی ناوچەکە كرد و بەدوای چەکدارانی داعش گه‌ران.

ktv

هه‌روه‌ها ئێوارەی رۆژى هەینیش، بەرپرسێكی پۆلیسی دیالە، دەستگیركردنی گەورە تیرۆریستێكی رێكخراوی ئەلقاعیدەی راگەیاند، كە پێش 12 ساڵ لە رێگەی كردەوەیەكی تیرۆریستییەوە، بووبووە هۆكاری كوژرانی 150 هاووڵاتی عێراقى.

نیهاد محەمەد گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی دیاله‌ رایگەیاند" تیرۆریستێكی مەترسیداریان دەستگیر كردووە، كە بە ئەبو خەتاب ناسراوە و لە ساڵی 2008دا لە رێگەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوەوە لە سنووری پارێزگای دیالە، بووە هۆی كوشتنی 150 هاووڵاتی سڤیل.

گوتیشی" دوای 12 ساڵ، رۆژى هەینی رابردوو ئەو تیرۆریستە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دەزگای هەواڵگریی عێراقەوە دەستگیر كراوە، پاش ئەوەی لە دیالەوە چووەتە بەغدا.

بە پێی زانیارییەكان، ئەو تیرۆریستە ساڵانێك لە سنووری شاری بەلەدروز و شارۆچكەی مەندەلی بووە بۆ رێكخستنەوەی ڕیزەكانی تیرۆریستانی ئەلقاعیدە.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ ، ئەمڕۆ یەکشەممە 9-8-2020 میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کە ژمارەیەک چەکداری داعش بە چەندین جۆری چەک، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی شێخ ئیسماعیل خوزەیر هەلوب، جێگری پارێزگاری سەڵاحەدین.

ماڵەکەی شێخ ئیسماعیل خوزەیر هەلوب کەوتووەتە شارەدێی ئیسحاقی و بەپێی زانیارییە میدیاییەکانیش، هیچ کەسێک لە ئەنجامی ئەو هێرشەی داعش زیانی بەرنەکەوتووە.

هه‌روه‌ها چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر هێزە عێراقییەکان لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، چەکدارانی داعش ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 5-8-2020، هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای لیوای مەغاویر لە گوندی متێبیجە لە پارێزگای سەڵاحەدین، کە کەوتووەتە باکووری بەغدا.

رۆژى پێنجشەممەش 6-8-2020، كه‌نالى "سۆمەرییە نیوز" لەسه‌ر زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاوی کردووەتەوە، کە بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە له‌و ناوچه‌یه‌، دوو سەرباز کوژراون و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.

له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌، هەریەکە لە فەوجی دوی تایبەت سەر بەلیوای 61ی سەرۆک وەزیرانی عێراق و پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق لەراگەیاندراوێکدا، دەستگیرکردنی دوو چەکداری داعشیان لەشاری کەرکوک راگەیاند.

لەڕاگەیەندراێکی فەوجی دوی تایبەت سەر بەلیوای 61ی سەرۆک وەزیرانی عێراق ، دەستگیرکردنی چەکدارێکی داعشی ڕاگەیاند له بازگەی چیمەن لەشاری کەرکوک، دەستگیر کردنەکەش لەسەربنەمای  زانیاری هەواڵگری بووه.

لەڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراقدا هاتووە، لەسەر زانیاری هەواڵگیری عێراق لیوای هەشتی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی عێراق توانیویانە داواکراوێک لە گوندێکی سەر بەناحیەی ڕەشاد سەربەپارێزگای کەرکوک دەستگیربکەن، کە پێشوتر دانیشتوی پارێزگای سەڵاحەدین بووە.

بەپێی راگەیاندراوەکە، "هەر دوو  داواکراوەکە بەمادەی 4ی تیرۆر لەدادگاکانی عێراق داواکراون.

ktv

له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاو ناحیەکانی کەرکوک ئاشكراى ده‌كات، كه‌ داعش لە عێراق خۆی رێکخستوەتەوە و بەرپرس و پێکهاتەی رێکخراوەکەی لە ناوچەکان بەتەواوەتی گۆڕیوە و خەڵکی تازەی داناوە و وێنەی سەدام حسێن هەڵدەواسن.

سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاو ناحیەکانی کەرکوک بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە" داعش لە عێراق خۆی رێکخستوەتەوە و بەرپرس و پێکهاتەی رێکخراوەکەی لە ناوچەکان بەتەواوەتی گۆڕیوە، عێراقی کردوەتە 11 قاتعەوە، بۆ هەر قاتعە و بەرپرس و پێکهاتەی سەربازی تازەی داناوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، رەنگە لەمەودوا جموجوڵ و هێرشی داعش ر‌و لە زیادبون بکات، پەلامار و هێرشی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە بۆ سەر دەزگا ئەمنیەکان ڕوو لە هەڵکشان بکات.

بەپێی وتەی سەرحەد قادر، لە پێکهاتە نوێ یەکەی داعش دا، عێراق دابەشکراوە بۆ سەر 11 میحوەر، کە بریتین لە میحوەرەکانی ( بادیە، باشور، ئەنبار، فەلوجە، باکوری بەغدا، بەغدا، دیالە، کەرکوک ، سەڵاحەدین، دیجلە، نەینەوا).

لەبارەی شوێنی ئەو بەرپرسانەی کە داعش تازە بەرپرسیارێتی پێداون، عەمید سەرحەد قادر رونیکردەوە، تەنها سنوری حەویجە لە نزیکەی 500 گوند پێکهاتووە، سەرجەم ئەو گوندانە داعش هاتوچۆیان پێدادەکات، ئەمە جگە لە پارێزگاکانی تر، کە هێزە عێراقیەکان نەیانتوانیوە لەداعش پاکیان بکەنەوە، چونکە ناوچەکە پان و بەرینە.

بە بڕوای عەمید سەرحەد قادر، خۆ رێکخستنەوە و دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەکەی لە عێراق، ئاماژەیەوە بۆ ئەوەی داعش نیەتی پەلاماردان و هێرشی زیاتری هەیە، وتی" نەک تەنها داعش، چەندین گروپی تر پەیدا بوون، تەنانەت بەعسیەکانیش زیندوو بونەتەوە، لە ڕۆژی 26-6-2020 دەیان وێنەی سەدام حسێنیان لە دەوروبەری کەرکوک هەڵواسیوە، دواتر پۆلیس بەپەلە وێنەکانی لە شوێنە گشتیەکان لابردوە.

خۆ ڕێکخستنەوەی داعش و پەیدابوونی گروپی تری جۆراو جۆر، لەکاتێکدایە كه‌ حکومەتی عێراق لە ململانێیەکی توند دایە لەگەڵ ئەو گروپە چەکدارانەی کە چەکیان لایە و لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت کاردەکەن، به‌لام تاكو نها ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارو ملیشیایانه‌ له‌ عێراق به‌رده‌وامن له‌ كارو چالاكییه‌كانیان و رۆژانه‌ هێرشى جوراوجور ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانان له‌ عێراق، كه‌ خۆى له‌ خۆیدا كاریگه‌رى خراپى كردووته‌ سه‌ر شوهره‌ى حكومه‌تى عێراق له‌ كۆمه‌لگه‌ى نێوده‌وله‌ته‌یدا.