ئایا سه‌ردانه‌كه‌ى كازمى بۆ ئه‌مریكا ده‌بێته‌ هه‌وێنى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ؟

سەرۆک وەزیرانی عێراق نها له‌ ئەمریکایه‌ و بڕیارە سبه‌ى لەگەڵ دۆنالد تره‌مپى سەرۆکی ئه‌مریكا، کۆببێتەوە.

مستەفا کازمی سبه‌ى پێنج شه‌ممه‌ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کۆده‌بێتەوە و تاوتوێی پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتۆن و كێشه‌ به‌رفراوانه‌كانى عێراق ده‌كه‌ن.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا كه‌ ئه‌مرۆ چاوى به‌ شانده‌كه‌ى عێراق كه‌وت، داواى لە بەغدا كرد لەسەر بودجە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان رێک بکەوێت. هەروەها وتیشى، گرووپە چەکدارەکان مەترسین بۆ سه‌ر ئەو وڵاتە و دەبێت پۆلیسی ناوخۆ جێگەی ئەو گرووپە چەکدارانە بگرێتەوە.
 
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتۆن رایگه‌یاند" لەکاتێکدا عێراق لە جینۆساید و ستەمکارییەکانی داعش رزگاری دەبێت، ئەمریکا یارمەتی بوژاندنەوەی ئەو کەمینانە دەدات کە رووبەڕووی زۆرترین ستەمکاری بوونەوە، لەنێویاندا کریستیان و ئێزدی و شەبەک ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نزیکەی نیو ملیار دۆلارمان بۆ بوژاندنەوەی دۆخی ئەو کەمینانە تەرخانکردووە. 
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گرووپە چەکدارەکان بە مەترسیی بۆ سه‌ر ئاسایشى عێراق ناودەبات و ده‌لێت" هێشتا کار ماوە بکرێت، گرووپە چەکدارەکان کە لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی سەرۆک وەزیراندا نین ئاستەنگیان لە پێشکەوتنەکانیان دروستکردووە. هەروەها بەپێویستی دەزانێت بەزووترین کات پۆلیس جێگەی ئەو گرووپە چەکدارانە بگرێتەوە و دەڵێت، فوئاد حوسێن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراقى له‌وه‌ دڵنیاکردووەتەوە کە دەتوانن لەو نێوەندەدا یارمەتیدەرى عێراق بن.
 
سەبارەت بە چۆنیەتی یارمەتییەکانی واشنتۆن بۆ بەغدا، مایک پۆمپیۆ گوتی، پاڵپشتییەکانیان لە یارمەتی مرۆیی خۆیان دەبیننەوە کە پێشکەش بە حکومەتی عێراقیان کردووە، هەروەها لە رۆژی جیهانیی یارمەتی مرۆیی کە ئەمڕۆیە، بە بڕی 204 ملیۆن دۆلاری دیکە یارمەتی مرۆیی وەکو کەرەستەی خۆراک و خواردنەوە و تەندروستی پێشکەش بە خەڵكی عێراق دەکەین. 
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی لە عێراق گوتی، هیوا بۆ ئەو رۆژە دەخوازن کە عێراق پێویستی بە پاڵپشتی دەرەکی نەبێت بۆ دابینکردنی بژێوی خەڵکی خۆی و پشت بە وەبەرهێنانی ناوخۆیی ببەستێت. هەروەها رایگەیاند "هیوا بۆ عێراقێکی خاڵی لە گەندەڵی و عێراقێکی خۆشگوزەران دەخوازین؛ عێراقێک ئاوێتەی ئابووریی جیهان بێت. 

ktv


 
پۆمپیۆ لەبەشێکی قسەکانیدا باسی لە كێشه‌كانى نێوان هەولێر و بەغدا کرد و گوتی" داوام لە بەغدا کردووە لەسەر بودجە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکبکەوێت. قسەمان لەسەر کەرتی وزەی عێراق کرد، کە پاڵنەرێکی گەورەی پێشکەوتنی ئابوورییە لە عێراق، قسەمان لەسەر چەند رێککەوتنی وزە لەنێوان کۆمپانیاکانی ئەمریکا و حکومەتی عێراق کردووه‌.
 
هەروەها لە تویتێکیشدا مایک پۆمپەیۆ جارێکی دیکە جەخت لە چارەسەرکردنی بودجە لەنێوان هەولێر و بەغدا دەکاته‌وه‌ و پاڵپشتیی خۆی بۆ رێککەوتن لەسەر ئەو پرسە دەردەبڕێت. لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاشدا هاتووە، پۆمپیۆ، پاڵپشتیی تەواوی راگەیاند بۆ رێککەوتن لەسەر بودجە لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
هەروەها فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌ هاوبەشەکەدا گوتی، ئەمڕۆ گەڕی دووەمی گفتوگۆ ستراتیژییەکان لە نێوان شاندی حکومەتی عێراق  و حکومەتی ئەمریکا دەستیپێکردو کۆبوونەوەیەکی گرنگ و باشیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە و باسیان لە ژمارەیەک بابەتی گرێدراو بە بارودۆخی عێراق، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و رەوشی سیاسی بە گشتی و رەوشی هەرێمی و بابەتی گرێدراو بە پەیوەندییە ئابووریەکان و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کردووە. 
 
فوئاد حوسێن گوتییشى" ئەمریکا و عێراق پێکەوە لە خەندەقێکدا دژی داعش شەڕیان کرد و هێشتاش لە هەمان خەندەقداین و پێکەوە کاردەکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزە تیرۆریستەکان یان گرووپە چەکدارە تیرۆریستەکان لە عێراق. جەختمان لە بەردەوامبوونی پێکەوە کارکردنمان لە بواری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کردەوە. 
 
هەروەها فوئاد حوسێن گوتی" لە دانوستاندنەکاندا جەخت لە بەردەوامیدان بە گفتوگۆ و دانوستاندنەکان کراوەتەوە بۆ گەیشتن بە کاری هاوبەش لە بوارەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە وزەو هەندێ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و پێکەوەکارکردن لە نێوانماندا لەو بوارانەدا هه‌یه‌، بەتایبەتی لە بواری کارەبا، نەوت، تەندروستی، رۆشنبیری و خوێندنی باڵا، هەر ئەمڕۆش واژۆ لەسەر ئەو یاداشتنامانە دەکرێت.
 
وەزیری دەرەوەی عێراق جەختیکردەوە لەوەی کە دانوستاندنەکان بەردەوامدەبن و لە داهاتووشدا ئەنجامی ئەرێنییان دەبێت لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات. 
 
هه‌روه‌ها مایک پۆمپەیۆ لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق گوتی، لە دیالۆگی سیاسیدا، جەختیان لە جێبەجێکردنی دەسەڵاتی یاسا و رێکخستنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردووەتەوەو ئەمریکا پاڵپشتی لە عێراق دەکات کە بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە هەنگاو بنێت.
 
وەزیری دەرەوەی عێراقیش هەروەها لەبارەی پاڵپشتیکردن لە هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە گوتی، ئەمریکا دەیەوێت لەگەڵ عێراق کاربکات بۆ ئەوەی عێراقێکی سەلامەت و سەقامگیر دروستبێت، ئەمریکا پابەندی پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراقە و لەچوارچێوەی بەرنامەی ناتۆ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ تێکشاندنی داعش هاریکاری ئەو هێزانەیە. 
 
سەبارەت بە ناوچە شوێنەوارییەکانی عێراق و پاراستنیان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، داهاتوویەک دەبینن کاتێک گەشتیارانی ئەمریکی سەردانی ناوچە شوێنەوارییەکانی عێراق دەکەنەوە، کاتێک ژن و پیاوانی سەرباز لەنێو سوپاکانیاندا ئامادەی کۆلێژی سەربازیی یەکدی دەبن. قسەیان لەسەر ئەوەکرد کە ئەمریکا چۆن یارمەتیدەر بێت، عێراق بتوانێت پارێزگاری لە ناوچە شوێنەوارە کولتووری و فرەڕەنگییە ئایینییەکان بکات، پاڵپشتیش لە پەروەردەی عێراق بکات. 
 
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشى" ئێمە نەک تەنیا ئامانج و قوربانیدانی هاوبەشمان لەگەڵ عێراق هەیە، بەڵکو دیدگا و هیوای هاوبەشیشمان بەیەکەوە هەیە. ئەم بیروباوەڕە بنەمای کارکردنی هاوبەشە کە پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌میندارێتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و شاندی حكومه‌ت بۆ واشنتۆن، كه‌ له‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆوه‌ به‌ كاتی به‌غدا به‌رده‌وامن، تا ئێستا چه‌ندین یاداشتی لێكتێگه‌یشتن له‌ نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا واژوو كراون.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ به‌ میدیا عێراقییه‌كانی راگه‌یاندووه‌" واژووكردنه‌كانی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا له‌ عه‌لی عه‌للاوی، وه‌زیری دارایی عێراقه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ ده‌ستیپێكردووه‌، كه‌ یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی پاره‌داركردن و گه‌شه‌پێدانی ئه‌مه‌ریكای واژوو كردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا،‌ وه‌زیری نه‌وت 3 یاداشتی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ كۆمپانیاكانی شیڤرۆن، هێنی ویل و بیكه‌ر هیوز واژوو كردووه‌.

هه‌ر به‌ گوته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، وه‌زیری كاره‌با دوو یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كۆمپانیای جی ئای و ستیله‌ر واژوو كردووه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی ئه‌میندارێتی گشتیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق وتیشى" پیشتر ژماره‌یه‌ك یاداشتنامه‌ له‌ په‌راوێزی كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان شاندی عێراقی و كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان واژوو كراون، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت زۆرترین رێكه‌وتن له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی شاندی عێراق بۆ ئه‌مه‌ریكا له‌ نێوان واشنتۆن و به‌غدا بكرێن.

ktv

له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان بەغدا و واشنتۆن بە پێشکەوتنێکی باش دادەنێت و پێیوایە لە گفتوگۆکانی پێشوو تاکلایەنە بوو و کورد و سوننە پەراوێزخرابوون و دەشڵێت، ئەمریکا بە چەند مەرج و پێوەرێک لە هاوکاریکردنی عێراق بەردەوام دەبێت.
 
سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، به‌ رووداوى راگەیاند" پێداگری لە بەشداریی کورد لەو گفتوگۆیانە پێشکەوتنێکی باشە. هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات پێگە و رۆڵ و مافە دەستوورییەکانی لە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆیانە لەبەرچاو بگیرێت و سوودیش لەو هاوکارییە نێودەوڵەتییانە وەربگرێت کە بۆ عێراق دەنێردرێن ئەگەر رێککەوتن لەنێوان هەردوولا کرا.
 
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت لەبارەی گرنگیی سەردانەکەوە ئاماژەی بەوە دا، عێراق لە دۆخێکی هەستیار و چارەنووسسازدایەو بوونی قەیرانی زۆر و هەژموون و رۆڵی وڵاتان وای کردووە عێراق بگاتە قۆناخێک بڕیار بدات لەوەی هاوکاریی وڵاتانی بۆ گەڕاندنەوەی پێگە و سەنگی خۆی پێویستە و سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لەو چوارچێوەیەدایە کە بڕیارێک لەبارەی داهاتووی عێراقەوە بدرێت.
 
یەکێک لەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی عێراق و بەرپرسانی ئەمریکا باس دەکرێت، پرسی ئابوورییەو بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری "فۆریین پۆلیس"ی ئەمریکی، ئەمریکا لە بەدەستهێنانی ملیاران دۆلار لە هاوکاریی ئابووری لەلایەن سندوقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی نێودەوڵەتییەوە بۆ عێراق هاوکار و پارێزەرێکی سەرەکییەو لەوەش گرنگتر بانکی فیدراڵیی نیویۆرک پارێزگاری لە یەدەگی دراوی عێراقی دەکات و ئامانجی ئەمریکا ئەوەیە ئابووریی عێراق لەسەر پێی خۆی بووەستێت و دانەڕووخێت.
 
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوە داوە، حکومەتی عێراق لە رووی ئابوورییەوە پێویستی بە هاوکاری و هاوبەشیی ئەمریکایە بۆ رزگاربوون لە هەوڵ و چالاکییەکانی ئێران تاوەکو لە رێگەی عێراقەوە خۆی لە سزا و گەمارۆکان بدزێتەوە، بەتایبەت لە هاوردەی نەوتی ئێران و دەستگەیشتنی ئێران بە دۆلاری ئەمریکی لە رێگەی چالاکییەکانی لە عێراق کە وای کردووە ئابووریی عێراق لەبەردەم مەترسییەکی گەورەی سزای لاوەکیی ئەمریکادا بێت.
 
سەفین دزەیی له‌م باره‌وه‌ دەڵێت" تاوەکو ئێستا لە نێوخۆی عێراقدا دیدگەیەکی روون بۆ داهاتوو نەبووەو بڕیارەکانی ئێستای عێراق چارەنووسسازن و پرسەکانی گفتوگۆی هەردوولا تەنیا سیاسی و ئەمنی نین، بەڵکو رەهەندی ئابووریشیان هەیە وەک هاوکاریکردنی عێراق لەلایەن وڵاتان و ئەمریکاوە، بەتایبەت قەرزکردن و بنیادنانەوەی ئابووریی عێراق، بەو مەرجەی هەندێک رێنمایی و پێوەر جێبەجێ بکات.
 
لەبارەی بەشداریی شاندی هەرێمی کوردستانەوە سەفین دزەیی دەڵێت" رێککەوتن لەنێوان دوو دەوڵەتی خاوەن سەروەرییەو لەگەڵ ئەوەشدا شاندی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوه‌و بەرگری و وزە هەبووە. 
 
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوەشدا، هەرێمی کوردستان بەرنامەی چاکسازیی لە رێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتان هەیە و ئەو بەرنامەیە بەردەوام دەبێت، بەڵام چوارچێوە گشتییەکە لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندایە.
 
عێراق و ئەمریکا هەردووکیان لەبەردەم هەڵبژاردندان و ئەمریکا دوو مانگ و نیوی دیکە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکات و لە عێراقیش 6ـی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بۆ هەڵبژاردن دیاریکراوە، بەڵام هێشتا وادەکە جێگیر نەبووە.
 
لە ساڵی 2003ـوە ئەمریکا سەدان ملیۆن دۆلاری لە بواری هاوکاریی سەربازی و ئابووریی عێراقدا خەرجکردووەو هەروەها لە پاڵپشتیی گرنگی پرۆسەی سیاسیدا هاوکارییەکان بۆ ئەوە بوون عێراق وەکو دەوڵەتێک هەستێتەوە و ببێتە هاوبەشێکی سەرەکیی سەقامگیری و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
 
ئامانجی سەرەکیی ئەو گفتوگۆیانەش ئەوەیە واشنتۆن بۆ داهاتوو دیدگەیەکی روون لە حکومەتی عێراق ببینێت و خۆیشی بەرنامە و پلانی بەرامبەر عێراق هەبێت.

ktv

بەرپرسێکی کونسوڵخانەی ئەمریکاش لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ به‌رپرسی په‌یوه‌ندییە‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئامادەیی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی واشنتۆن و هەولێر دەردەبڕێت.

هۆشیار سیوه‌یلی، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی  رایگەیاند، ئه‌مریكا پێشوازی لە گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات.

هۆشیار سیوەیلی هەروەها رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 19-8-2020 بە ڤیدیۆ لەگەڵ داربی پەرلەمان، بەرپرسی نوێی بەشی سیاسی و ئابووری لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش، ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر بووه‌.

به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، کە تۆپباران و بۆردومانەکانی ئێران و تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە و پێویستە تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان کۆتایی بە شەڕی نێوانیان لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان، بهێنن.

هەروەک سیوەیلی رایگەیاند، ئەو بەرپرسەی کونسوڵخانەی ئەمریکا جەختی لە پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و ئامادەیی کونسوڵخانەکەشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتۆن دەربڕیوە.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ سه‌ردانه‌كه‌ى كازمى له‌ لایه‌ن هه‌ندێ لایه‌نى سیاسى عێراقه‌وه‌ به‌ چاوێكى كه‌م ته‌ماشاى ده‌كرێت و له‌م باره‌وه‌ ئه‌ندامێکی هاوپەیمانی ده‌وڵه‌تی یاسا لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئه‌گه‌ر مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیران له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌مریكا ره‌زامه‌ندی ده‌رببڕێت له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزه‌ بیانیه‌كان، له ‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی له‌ په‌رله‌مان لێوه‌رده‌گرنه‌وه‌.

عه‌بدولمه‌هدی سه‌عداوی، ئه‌ندامی هاوپەیمانی ده‌وڵه‌تی یاسا لە پەرلەمانی عێراق له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند" پێویسته‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق بكشێنه‌وه‌ و كۆتایی به‌ بنكه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئه‌مریكاش بهێندرێت لە عێراقدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ژماره‌یه‌ك بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریكا به‌بێ ئاگاداری و وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی حكومه‌ت له‌عێراقدان، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر مسته‌فا كازمی له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌مریكا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزه‌ بیانیه‌كان ده‌رببڕێت، له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا و له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران متمانه‌ی لێوه‌رده‌گرنه‌وه‌.

سه‌عداوی لەبارەی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ و رەوانەکردنی پارەی موچەی فەرمانبەران، باسی لەوەشکردوە، هه‌رێمی كوردستان  سه‌روه‌ت و سامانی هه‌یه‌ و له‌ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ما و یاساكان هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات، بۆیه‌ هه‌نگاوی ناردنی پاره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌سه‌رپێچی یاسا و ده‌ستوریشی ده‌زانن.

تێزانین دوێنێ سێشه‌ممه‌ به‌سه‌ردانێكی فه‌رمی، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ره‌و ئه‌مریكا به‌ڕێكه‌وت و بڕیاره‌ سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا تایبه‌ت به‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات كۆب‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها گفتوگۆش له‌سه‌ر دواین به‌ره‌وپێشچونه‌كانی گۆڕه‌پانی ناوچه‌كه‌ و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی گرنگی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌كرێت.

ktv

نوری مالیکی، لەبارەی سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ ئەمەریکا رایگەیاند، سەردانەكە مێژوویی نییە وەك ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكرێت منیش پێنج جار چوومەته‌ واشنتۆن.

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق، لەمیانی دیداری لەگەڵ كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی عێراقی لە گرنگی سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی بۆ ئەمەریکا کەمکردەوە و رایگەیاند "منیش پێنج جار چوومەته‌ واشنتۆن، سەردانەکەش مێژوویی نییە وەک ئه‌وه‌ی بانگەشەی بۆ دەکرێت.

مالیکی گوتی" ئەمەریکا دەیەوێت ئێران لە عێراق وەدەرنێت، بەڵام ئێران سەربازگەی لە عێراق نییە، بەڵکو ئەوەی هەیە پەیوەندی سیاسی نێوان بەغدا و تارانە، یان دەیەوێت حەشدی شەعبی هەڵبوەشێتەوە، ئەمەش بابەتێکی ناوخۆیی عێراقییە.

ناوه‌ندی "ئه‌لره‌وابت" بۆ تویژینه‌وه‌ی ستراتیژی له‌ راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووه‌، گروپه‌ میلیشیا شیعه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران رۆژانه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، ئه‌مه‌ش به‌ هه‌وڵێكی بێزاركه‌ر له‌لایه‌ن بریكارانی تارانه‌وه‌ له‌ عێراق بۆ سه‌ر مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ناوده‌بات، كه‌ بڕیاره‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ بۆ یه‌كه‌مجار چاوی به‌ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بكه‌وێت.

ناوه‌نده‌كه‌ له‌ راپۆرتێكدا نووسیویه‌تی" ئێران ترسی لێنیشتووه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌ژموونه‌كه‌ی له‌سه‌ر دۆخی عێراق له‌ده‌ست بدات، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی مسته‌فا كازمی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی وه‌رگرتووه‌. نه‌بادا هه‌نگاوێك به‌ره‌و بچووككردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی گروپه‌ میلیشیاكان و كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ك له‌ ده‌ست دامه‌زراوه‌ی ئه‌منی و سه‌ربازی بنێت.

به‌گوته‌ی ئه‌و ناوه‌نده‌، چاودێران له‌و باوه‌ڕه‌دان، ئه‌و هێرشانه‌ كه‌ رۆژانه‌ له‌ عێراق بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌، ئامانجه‌كه‌یان ناپێكن و هیچ كاریگه‌رییه‌كیان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێزه‌كه‌ی نێوان كازمی و ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا نابێت، به‌ڵكو ئه‌نجامی ئه‌و هێرشانه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ ده‌شكێته‌وه‌.

چاودێران باسی ئه‌وه‌شیانكردووه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پشتگیرییه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ده‌ست ده‌هێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی سنوورێك بۆ هه‌ژموونی میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ عێراق دابنێت.

هه‌روه‌ها ناوه‌نده‌كه‌ نووسیویه‌تی" مسته‌فا كازمی كه‌ له‌ مانگی ئایاری ئه‌مساڵه‌وه‌ بووه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵاتێك كه‌ دوو ئاراسته‌ی دژیه‌كی ئێرانی و ئه‌مه‌ریكی تێیدا له‌سه‌ر هه‌ژموون ململانێ ده‌كه‌ن، بڕیاره‌ بوونی 5 هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی و چۆنییه‌تی پارێزگاریكردن له‌ سه‌لامه‌تییان له‌ عێراق له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ تاوتوێ بكات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، لای خۆیه‌وه‌ ئێران، كه‌ پشتگیری حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات و به‌ گروپی نیمچه‌ سه‌ربازی له‌ژێر هه‌ژموونی تاران له‌ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت یه‌كیان گرتووه‌، داوا له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌كه‌ن، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌ربكه‌ن.

هه‌رچه‌نده‌ حه‌شدی شه‌عبی ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ده‌ستی له‌و هێرشانه‌دا هه‌بێت،‌ رۆژانه‌ ده‌كرێنه‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، به‌ڵام چه‌ند گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی و نامه‌ له‌ تۆڕی ئینته‌رنێت بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌و هێرشانه‌ ئاشكرا ده‌كات.

له‌م باره‌وه‌، ره‌مزی ماردینی، توێژه‌ر له‌ په‌یمانگه‌ی بیرسۆن له‌ زانكۆی شیكاگۆ له‌ لێدوانێكدا بۆ‌ ئاژانسی رۆژنامه‌وانی فه‌ره‌نسیی گوتی" ئه‌و گروپه‌ میلیشیایانه‌ی ئێستا له‌ عێراق پێكهاتوون، هه‌مان چه‌كداری ئه‌و گروپانه‌ی حه‌شدی شه‌عبین كه‌ پێشتر بوونیان هه‌بووه‌، ئامانجیشیان له‌و هه‌نگاوه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ و پارێزگاریكردنه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانی گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ ئه‌گه‌ری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ریان.

ktv

ناونده‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، به‌شێك له‌ شاره‌زایان له‌و باوه‌ڕه‌دان، كه‌ ئامانج له‌و هێرشانه‌ بۆ شه‌رمه‌زاركردنی مسته‌فا كازمییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ واشنتۆن، كه‌ به‌ گوته‌ی خۆیان كازمی له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق له‌ ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا نزیكتره‌ و باسی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن، كازمی هه‌وڵه‌كانی بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی خاڵه‌ سنوورییه‌كان ده‌دات، كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ كۆنترۆڵ كرابوون و كاری قاچاغچێتییان له‌و ده‌روازانه‌ ده‌كرد و باجی و هه‌نارده‌ و هاورده‌یان ده‌خسته‌ گیرفانی خۆیان.

ناوه‌ندی "ئه‌لره‌وابت" نووسیویه‌تی، ئه‌و گروپه‌ عێراقییانه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێت، ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌، كاتێك له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران له‌لایه‌ن فڕۆكه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكییه‌وه‌ له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا كوژران، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئێستا ئێران له‌ژێر سزا سه‌خته‌كانی ئه‌مه‌ریكایه‌.

له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ تا كۆتایی مانگی ته‌ممووز، 39 هێرشی مووشه‌كی له‌ عێراق كراونه‌ته‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و هێرشانه‌ش دوای دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان مسته‌فا كازمی و دۆناڵد تره‌مپ چڕتر كراونه‌ته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت دوای 4ی ئه‌م مانگه‌، كه‌ تا ئێستا 7 هێرشی جیاواز ئه‌و كاروانه‌ سه‌ربازیانه‌یان له‌ عێراقیان كردووه‌ته‌ ئامانج، كه‌ به‌ره‌و ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازیانه‌ له‌ڕێ بوون، كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكای لێ ده‌مێننه‌وه‌، 6 هێرشی دیكه‌ی مووشه‌كیش كراونه‌ته‌ سه‌ر پێگه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له‌وانه‌ش باڵیۆزخانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌ به‌غدا.

وه‌ك نموونه‌یه‌كیش بۆ ئه‌مه‌ ئاماژه‌ به‌ كه‌سێك ده‌كات، كه‌ دوای یه‌كێك له‌و هێرشانه‌ی كراوه‌ته‌ سه‌ر كاروانه‌ سه‌ربازیه‌كان له‌ باشووری عێراق، له‌ 7ی ئه‌م مانگه‌ ده‌ستگیر كراوه‌ و له‌ كاتی ده‌ستگیركردنی بۆمبێكی ئاماده‌كراو بۆ چاندن و كارتێكی تایبه‌تی پێ گیراوه‌، كه‌ پشتڕاستی ده‌كاته‌وه‌، سه‌ر به‌ یه‌كێك له‌ گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبییه‌ و به‌ نیاز بووه‌ بۆمبه‌كه‌ به‌ كاروانه‌كه‌دا بته‌قێنێته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ئه‌و هێرشانه‌، گروپێكی نوێ كه‌ خۆی به‌ "سه‌رایا شۆڕشی بیستی دووه‌م" ناساندووه‌، به‌رپرسیارێتی هێرشی سه‌ر كاروانێكی سه‌ربازی له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌، ئه‌و ناوه‌شیان له‌ شۆڕشی بیستی ساڵی 1920 له‌ دژی به‌ریتانییه‌كان سه‌رچاوه‌ گرتووه‌.

دواتر به‌یاننامه‌یه‌كی ئه‌و گروپه‌ له‌ چه‌ند هه‌ژمارێكی سه‌ر به‌ ئێران له‌ ته‌لیگرام بڵاوكراوه‌ته‌وه‌‌‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی قه‌یس خه‌زعه‌لی، سه‌ركرده‌ی گروپی "عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌ق"ی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی چه‌كداره‌كانی به‌ چه‌كدارانی راسته‌قینه‌ی شۆڕشی بیست به‌راورد كردووه‌.

ره‌مزی ماردینی توێژه‌ر له‌ په‌یمانگه‌ی بیرسۆن له‌ زانكۆی شیكاگۆ گوتیشی" كاركردن له‌ ژێر ناوی جیاواز ده‌رفه‌تی به‌رده‌م ئه‌م گروپانه‌ فراوان ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی كرده‌وه‌ چه‌كدارییه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن و خۆیان له‌ به‌رپرسیارێتی راسته‌وخۆی هێرشه‌كانی سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكا بدزنه‌وه.

‌ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و گروپانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت كار بكه‌ن، ئه‌وا پێشبینی ناكرێت واشنتۆن به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ بخاته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراق و سزا به‌سه‌ر به‌غدادا بسه‌پێنێت و گوتی" ئامانج له‌ چڕكردنه‌وه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ په‌یامێك رابگه‌یه‌نن، كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران ناتوانێت له‌ رێگه‌ی به‌كارهێنانی هه‌ڕه‌شه‌ و ده‌ستگیركردنی چه‌كدارانی میلیشیاكان بیانوه‌ستێنێت.