كۆرۆنا چاره‌نووسى جیهان به‌ كوێ ده‌گه‌ینێت

به‌پێى دواین ده‌نگوباسی كۆرۆنا، رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، بەم دوایانە ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نێوان ئەو چینەی کۆمەڵگا کە تەمەنیان لە خوار 24 ساڵەوەیە بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

دکتۆرە دالیا سەمهوری، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی ئامادەکاری بۆ رەوشی لەناکاو و حاڵەتە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکان لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەپێی شیکاری ئەو بەیاننامانەی کە دەربارەی شەش ملیۆن توشبوی نوێی کۆرۆنا لەسەرتاسەری جیهان ئەنجامدراوە، دەرکەوتوە بڵاوبونەوەی کۆرۆنا لە چینی گەنجان و منداڵانی کۆمەڵگا پەرەی سەندوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ئەو بەیاننامانە، منداڵان هۆکاری بنەرەتی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا نین لە کۆمەڵگادا ، بەڵکو زیاتر گەنجان ئەو رۆڵە دەگێڕن.

هاوکات ئەوەشی خستەڕوو، ڤایرۆسی کۆرۆنا بە هەمان خێرایی سەرەتای ئەمساڵ بەردەوام لە بڵاوبونەوەدایە، هیچ ئاماژەیەک سەبارەت بە کەمبونەوەی چالاک ڤایرۆسەکە دەرنەکەوتوە پێویستە هۆشیارانە رەفتاربکەین لە بەرەنگاربونەوەیدا.

تیدرۆس ئەدهانۆم گێبریسوس، بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، داوایان لە وڵاتانی جیهان کردوە کە ئەو بەربەستانەی وڵاتەکەیان لانەدەن کە بەمەبەستی بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا دایانناوە، دەشڵێت" لابردنی ئەو بەربەستانە پێش کۆنتڕۆڵکردنی پەتاکە کارەساتە.

بەپێی ئامارەکانی جیهان، تا ئێستا 26 ملیۆن و 211 هەزار و 592 توشبوی کۆرۆنا لەسەرتاسەری جیهان تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 868 هەزار و 68 کەس گیانیانلەدەستداوە.

کاربەدەستانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی هه‌روه‌ها رایدەگەیەنن، 230 ملیۆن ڤاکسینى کۆرۆنا بۆ ئەفریقا دابین بکات.

ریچارد میهیجۆ، سەرۆکی ناوەندی ئەفریقی بۆ کۆنتڕۆڵ و خۆپاراستن لە نەخۆشیەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئۆنلایندا ڕایگەیاند " پاکێجی یەکەم 20%ی دانیشتوانی ئەفریقا دەگرێتەوە 230 ملیۆن دۆز دابیندەکەین ، سەرەتا پیشینەش بەو کەسانە دەدات کەلە بەرەکانی پێشەوەی رووبەرووی کۆرۆنا و کارمەندانی چاودێری تەندروستین، پاشان بازنەکە فراوان دەکرێت بۆ ئەو گروپانەی کەمترین مەترسیان لەسەرە".

شارەزایانی بواری تەندروستی پێیان وایە، چارەسەر و کۆنترۆڵی تەشەنەی پەتای کۆرۆنا لە کیشوەری ئەفریقا باشتر بووە لەوەی کە پێشبینی دەکرا، ژمارەی ئەو حاڵەتە نوێیانەی لە ئەفریقادا هەیە لە ماوەی چوار هەفتەی ڕابردوودا بە ڕێژەی لە سەدا 11 دابەزیوە.

بەرپرسانی (WHO)، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هەر ڤاکسینێکی کۆرۆنا، ئەگەر  قۆناغی پەرەپێدانیشدا بێت، دەبێت لەسەر کیشوەری ئەفریقا تاقیبکرێتەوە.

پسپۆڕانی تەندروستی بریتانیا لەوەڵامی وەزیری تەندروستی وڵاتەکەیان رایانگەیاند، هیچ ئاماژەیەک بۆ سەرهەڵدانی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا نیە.

لەوەڵامی مات هانۆک وەزیری تەندروستی بریتانیا کە رایگەیاندبوو حاڵەتەکانی توشبون و گەیاندنی هاوڵاتیان بۆ نەخۆشخانەکان زیادیکردوە و ئەگەری سەرهەڵدانی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا هەیە، ئەمڕۆ ژمارەیەک پسپۆڕی تەندروستی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، " هیچ ئاماژەیەکی سەرهەڵدانی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا نیە، ئەوەی کە هەیە تەنها ئەنجامی زیادکردنی پشکنینە تەندروستییەکانە."

لەوبارەیەوە پسپۆڕانی تەندروستی بریتانیا رایانگەیاند، وتەکانی وەزیری تەندروستی تەنها ئاگادارکردنەوە بووە، دڵنیایشیان دا کە ژمارەی مردوانی کۆرۆنا کەمیکردوە و هۆکاری تۆمارکردنی زیاتری توشبوانی کۆرۆنا پەیوەندی بەزیادکردنی ژمارەی پشکنینەکانەوە هەیە.

بەگوێرەی داتا فەرمییەکانیش، ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا لەبریتانیا بەجێگریی ماوەتەوە و بەشێوەیەکی ئاسایی ژمارەکە زیادینەکردوە.

تائێستا لەبریتانیا 338 هەزار و 676 کەس توشی کۆرۆنا بون و 41 هەزار و 514 کەسی دیکەش بەهۆی پەتاکەوە گیانیانلەدەستداوە.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هاوپەیمانێتی ڤاکسینەکانی جیهان رایگەیاند، زیاتر لە 76 وڵاتی دەوڵەمەندی جیهان بەشداریان لە پلانی (COVAX) کردوە، کە لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە بەشداری سەرکردەکانی جیهان داڕێژراوە و ئامانج لێی دابەشکردنی ڤاکیسنی کۆرۆنایە بە شێوەیەکی داوەرانە لە سەرتاسەری جیهاندا.

سیس بیرکڵی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هاوپەیمانێتی ڤاکسینەکانی جیهان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند، 76 وڵاتی دەوڵەمەندی جیهان رەزامەندیان دەبڕیوە بۆ بەشداریکردن لە پلانی (COVAX)، کە تێدا ڤاکیسنی کۆرۆنا بەشێوەیەکی دادوەرانە بەسەر وڵاتانی جیهان دابەشدەکرێت، لەسەر بنەمای ئاستی مەترسی کۆرۆنا لە وڵاتەکاندا.

ئاماژەی بەوەشکرد، پلانی (COVAX) کراوە دەبێت بۆ هەر وڵاتێک دیکەی جیهان ئەگەر بییەوێت بەشداریان لەگەڵدا بکات، ئامادەن دانوستان لەگەڵ چیندا بکەن ئەگەر بیەوێت بەشداری لە پلانی کۆمەڵەکەیان بکات.

بیرکڵی باسی لەوەشکرد، گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتی چین ئەنجامداوە، تا بێتە ناو کۆمەڵەکەیان، هەرچەندە هەندێک ئاماژەی ئەرێنی پێداون، بەڵام تا ئێستا هیچ رێککەوتنێکی واژۆکراویان لە نێواندا نییە.

(COVAX) هاوپەیمانێتییەکە لە نێوان رێكخراوی تەندروستی جیهانی و سەرکردەی وڵاتانی جیهان واژکراوە، مەبەست لێی رێگریکردنە لە قۆرخ کردنی ڤاکسینی کۆرۆنا لەلایەن ژمارەیەک لە دەوڵەتانی جیهانەوە و هەوڵدان بۆ گەیاندنی ئەو ڤاکسینانە بەو وڵاتانەی کە زۆرترین مەترسیان بەهۆی کۆرۆناوە لەسەرە، ئەمریکا ئەندام نییە تێیدا.

بەپێی توێژینەوەیەکیش کە لەلایەن زانکۆی کالیفۆڕنیا ئەنجامدراوە، پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان توشبون بە ڤایرسی کۆرۆنا و لەدەستدانی هەستی بۆنکردن و تامکردن هەیە، بەجۆڕێک ئەو نیشانەیە 10هێندەی نیشانەکانی دیکە لەناو توشبوانی کۆرۆنادا بڵاوە.

بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن زانایانی بایەلۆژی لە زانکۆی کالیفۆڕنیا ئەنجامدراوە و لە رۆژنامەی "International Forum of Allergy & Rhinology"بڵاوکراوەتەوە، لە دەستدانی هەستی بۆنکردن و تامکردن بە نیشانەی هەرە سەرەکی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دادەنرێت.

توێژەرەوانی ئەمریکی باس لەوە دەکەن، ئەو کەسانەی کە هەستی بۆن کردن و تامکردنیان لەدەستداوە، 10 هێندە ئەگەری ئەوەیان هەیە کە  توشبوی پەتای کۆڤید-19 بن، بە بەراورد بەو کەسانەی نیشانەکانی دیکەی نەخۆشییەکەیان لەسەر دەرکەوتوە.

ئاماژە بەوەشدەکەن، ئەو کەسانەی کە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن، زۆر بە قوڵی هەستی تامکردن و بۆنکردن لەدەستدەدەن، لەپاش تێپەڕبونی دوو بۆ چوار هەفتە ئەو هەستانەیان بۆ دەگەڕێتەوە.

هەر بە پێی دەرئەنجامی ئەو توێژینەوەیە، 70 لە سەدی ئەو کەسانەی کە هەستی تامکردن و بۆنکردنیان بۆ دەگەڕێتەوە، لەو کاتەدا دەبێت کە پشکنینی چاکبونەوە لە پەتاکە ئەنجامدەدەن.

بەپێی نوێترین توێژینەوە کە لەلایەن زانایانی ئەمریکاوە ئەنجامدراوە، لە وەرزی پایزدا کۆرۆنا دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زیاتر لەسەر روی کەلوپەلەکان بە چالاکی بمێنێتەوە، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نزمبونەوەی پلەی گەرمی و بونی رێژەی شێیەکی کەم لە هەوادا.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی زانستی Bio Rxiv-ی ئەمریکی، پسپۆرانی زانستی ژیان و بایەلۆژی لە زانکۆی کانساسی ئەمریکی لە نوێترین توێژنەوە لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا سەلماندویانە، ڤایرۆسەکە لە پلەی گەرمی نزم و بونی شێییەکی کەم لە هەوادا دەتوانێت بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بە چالاکی لەسەر رووی کەلوپەلەکان بمێنێتەوە، بە درێژایی ئەو ماوەیەش دەتوانێت خەڵک توشی پەتاکە بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی ئاسایدا لە دوای سێ رۆژ ڤایرۆسی بەجێمای کۆرۆنا لەسەر روی کەلوپەلەکان لەناودەچێت، بەڵام لە وەرزی پایزدا ئەو ماوەیە بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرزدەبێتەوە.

ئەو توێژینەوەیە ئەوەش دەردەخات، کۆرۆنا لە وەرزی پایزدا ماوەیەکی زیاتر لە جەستەی توشبوەکەدا دەمێنێتەوە، نیشانەکانی نەخۆشییەکەش بەشێوەیەکی توندتر لەسەر توشبوەکە دەردەکەوێت.

پسپۆڕانی ئەمریکا چەندین ئامڕاز و کەلوپەلی جیاوازیان لە توێژینەوکەیان بەکارهێناوە، بۆ نمونە شوشەی پەنجەرە، دەمامکی N95، کارتۆن، مادەی پلاستیک و دەستکێش، دەرکەوتوە کۆرۆنا لەسەر شوشەی پەنجەرە تەنها بۆ ماوەی هەشت سەعات دەمێنێتەوە، بەڵام دەتوانێت لەسەر مادە پلاستیکییەکان بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت رۆژ چالاکانە بمێنێتەوە.

بەپێی ئامارەکانی جیهان، تا ئێستا 25 ملیۆن و 909 هەزار و 532 توشبوی کۆرۆنا لەسەرتاسەری جیهان تۆمارکراون، لەوژمارەیەش 861 هەزار و 346 کەس مردون، هاوکات 18 ملیۆن و 200 هەزار و 158 کەس چاکبونەتەوە.

له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌، وەزیری تەندروستی رووسیاش رایگەیاند، وڵاتەکەی ڤاکسینی "Sputnik V"ی پەرەپێدراو نافرۆشێت، بەڵکو تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانی دەدات بە هەر وڵاتێک کە بیەوێت ببێت بە خاوەنی ڤاکسینەکە.

میخائیل مۆراکشۆ، وەزیری تەندروستی رووسیا لەمیانەی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەم مانگەدا پڕۆسەی کۆتان بە ڤاکسینی "Sputnik V" لە رووسیا دەستپێدەکات، کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە لە پێشینەی ئەو کەرتانەی وڵاتەکە دەبن، کە پڕۆسەکە دەیانگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی ڤاکسینی "Sputnik V"ی پەرەپێدراو نافرۆشێت، بەڵکو تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانی دەدات بە هەر وڵاتێک کە بیەوێت ببێت بە خاوەنی ڤاکسینەکە.

لەلایەکی دیکەوە بنکەی تەکنەلۆژیای بایالۆژی "گامالی"، کە بەپرسە لە پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی ڤاکسینە روسیەکە رایگەیاند، پڕۆسەی کۆتانی ئەو بەساڵاچوانەی وڵاتەکەیان دەستپێکردوە کە تەمەنیان لە سەرووى 70 ساڵەوەیە، سەرجەمیان تەندروستیان جێگیرە.

12ی مانگی رابردووش، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی رەزامەندی لەسەر بەرهەمهێنانی یەکەمین ڤاکسینی کۆرۆنا لە جیهاندا دەربڕیوە، لە کۆتایی هەمان مانگەدا یەکەمین پاکێجی ڤاکسینەکە بەرهەمهێنرا، کە دەتوانێت بۆ ماوەی دوو ساڵ جەستەی مرۆڤ لە توشبون بە پەتای کۆڤید-19 بپارێزێت.