سوپای عێراق دەستگیركردنی 3 تیرۆریستی داعشی راگەیاند

شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە هێزەكانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی پشت بەستن بە زانیارییەكانی هەواڵگریی لە میانی چەند بۆسەیەكەدا لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، سێ تیرۆریستیان دەستگیركردووە كە لە سووریاوە دزەیان كردبووە ناو خاكی عێراق.

بەپێی راگەیەندراوەكە، یەكێك لەو سێ تیرۆریستەی كە دەستگیركراوە، هەڵگری رەگەزنامەی سووریایە و لە بەناو بەرپرسی کەفالەتکردنی ئەندامانی داعش كاری كردووە، هەروەها سەرجەمیان ئەندامن لە بەناو دیوانی جوند سەربە داعش.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەیشدراوە، ئەو سێ تیرۆریستە لە میانی لێكۆڵینەوە بەراییەكاندا، دانیان بەوەداناوە كە لە زۆربەی شەڕەكانی دژبە هێزە عێراقییەكان، بەشدارییان كردووە، هەروەها دانیان بەوەداناوە كە بە ئەركی پێكهێنانی هێزی سەربازیی نوێ بۆ ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی دزەیان كردووەتە ناو عێراق.

باس لەوەشكراوە كە ئەو سێ تیرۆریستە دوای وەرگرتنی گوتەكانیان رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار كراون بۆ ئەوەی رێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەریان، بگێرێتەبەر.