زانكۆی سلێمانی وادەی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی راگەیاند

زانكۆی سلێمانی رایگەیاند، رۆژی یەكشەممە 4ی تشرینی یەكەمی 2020 یەكەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندنە.

لە راگەیەندراوێكی زانكۆی سلێمانیدا هاتووه‌، پشت بەست بەبڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بەڕەچاوكردنی پەتای كۆرۆنا و پاراستنی تەندروستی قوتابیان و دابینكردنی پێداویستی بەشە ناوخۆییەكان.

له‌ راگەیاندراوەكە ئاماژە بەوەشكراوە، پاش جەختكردنەوە لەسەر شێوازی خوێندنی ئاوێتە بۆ ساڵی خوێندنی (2020-2021)، بڕیاریدا كە رۆژی (یەك شەممە) رێككەوتی (4-10-2020) یەكەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندن بێت بۆ خوێندنی بەكالۆریۆس لە زانكۆكەمان، كە بەشێوازی خوێندنی ئەلیكترۆنی دەبێت  بۆ ماوەی 6 ھەفتە، پاشان دواتر بەپێی تایبەتمەندی وانە و كۆلێجەكان خوێندن بەشێوازی (ئاوێتە) بەردەوامی پێدەدرێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن لەسەرجەم قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆ ده‌كات، بەھیوای سەركەوتن و تەندروستی بۆ ھەموو لایەك.