كرمانج عه‌بدوڵڵا: هێزی عێراقی و حه‌شدی شه‌عبی هاوكاری عه‌ره‌بی هاورده‌ ده‌كات بۆ ده‌ركردنی ماڵه‌ كورده‌كان

به‌رپرسی لقی 23ی قه‌ره‌چوغی پارتی رایگه‌یاند: نزیكه‌ی چل گوندی كورد له‌ سه‌رگه‌ڕان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌عریبكردنه‌وه‌ دایه‌.

پرۆسه‌ی ته‌عریبكردن له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم به‌رده‌وامه‌، له‌م باره‌یه‌وه‌ كرمانج عه‌بدوڵڵا به‌رپرسی لقی 23ی قه‌ره‌چوغی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ لێدوانێكدا به‌ كوردستان تی ڤی راگه‌یاند، دوای رووداوه‌كانی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر ساڵانه‌ ئه‌م رووداوه‌نه‌ دووباره‌ ده‌بنه‌وه.

هه‌روه‌ها دوای دانانی پارێزگاری سه‌پێنراوی كه‌ركووك، هاوكارییه‌كی زۆر به‌ هێزه‌ بۆ گه‌رانه‌وه‌ی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی كه‌ له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عس هاتبوونه‌ ناوچه‌كه‌ و گوند و موڵك و ماڵی هاووڵاتیانی ناوچه‌كه‌یان داگیركردبوو، به‌ تایبه‌تی سه‌رگه‌ران، ئێستاكه‌ له‌ رێگه‌ی پارێزگای سه‌پێنراوی كه‌ركووك ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها كرمانج عه‌بدوڵڵا ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: نزیكه‌ی چل گوندی كورد له‌ سه‌رگه‌ڕان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌عریبكردنه‌وه‌ دایه‌.

كرمانج عه‌بدوڵڵا گوتیشی: سه‌رباری ئه‌وه‌ی بریاری دادگای فیدراڵی هه‌یه‌ ده‌ڵێت نابێت ده‌ستكاری ئه‌و زه‌وییانه‌ بكرێت كه‌ خاوه‌ناكانیان كوردن، به‌ڵام پارێزگاری سه‌پێندراوی كه‌ركووك پاڵپشتی ئه‌و عه‌ره‌به‌ هاوردانه‌یه‌ و چه‌ند دادوه‌رێكی شوڤێنی كه‌ركووكیش هاوكاری عه‌ره‌بی هاوردانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ دووباره‌ ئه‌و گوندانه‌ داگیر بكه‌ن كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن.

كرمانج عه‌بدوڵڵا رایگه‌یاند: ئێمه‌ له‌لای خۆمان داوامان سه‌ركردایه‌تی خۆمان و سه‌ركردایه‌تی سیاسی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ ئه‌وانیش داوایه‌كیان ئاراسته‌ی حكوومه‌تی فیدراڵی كوردووه‌ كه‌ ده‌بێت ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، نابێت ئه‌وها به‌رده‌وام بێت، گوتیشی: ناشكرێت عه‌ره‌بی هاورده‌ دووباره‌ بێنه‌وه‌ موڵك و ماڵی كوردان داگیر بكه‌نه‌وه‌.

به‌رپرسی لقی 23ی قه‌ره‌چوغی پارتی گوتیشی: به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ جار له‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هێزی سه‌ربازیش هاوكارن له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی هاورده‌ دووباره‌ دێنه‌ سه‌ر موڵك و ماڵی كورد داگیر ده‌كه‌ن له‌ زێدی خۆیانن.

به‌رپرسی لقی 23ی قه‌ره‌چوغی پارتی گوتیشی: له‌ دوو رۆژی رابردوو هێزی عێراقیمان ئاگاداركردۆته‌وه‌ كه‌ نابێت ئێوه‌ هاوكاری و عه‌ره‌بی هاورده‌ بكه‌ن، بێنه‌ سه‌ر ماڵ و موڵكی كوردان داگیر بكه‌ن، پێشمان گوتن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئێمه‌ قبوڵی ناكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ دووباره‌ بێته‌وه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین هێز به‌كاربێنین.

داڕشتنه‌وه‌ی هه‌واڵ: سامان زاهیر