سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا : شه‌پۆلی دووه‌می كۆرۆنا زۆر له‌ شه‌پۆلی به‌هار سه‌ختتر ده‌بێت

سه‌رۆكوه‌زیرانی كه‌نه‌دا، جاستن ترۆدۆ رایگه‌یاند كه‌ شه‌پۆلی دووه‌می ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ گه‌یشتووه‌ته‌ وڵاته‌كه‌ی.

جاستن ترۆدۆ له‌ پەیامێکی ته‌له‌ڤیزیۆنییدا‌ قسەی بۆ‌ گه‌لی کەنەدا كرد و هۆشداری دا له‌وه‌ی شه‌پۆلی دووه‌می كۆرۆنا زۆر له‌ شه‌پۆلی به‌هار سه‌ختتر ده‌بێت.

سه‌رۆكوه‌زیرانی كه‌نه‌دا به‌ ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه‌ له‌ ١٣ی ئادار كه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیان راگه‌یاند، ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له‌ رۆژێكدا گه‌یشته‌ ٤٧ كه‌س و له‌ ٢٢ی ئه‌یلوولیشه‌وه‌ ئه‌م ژماره‌یه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌رووی هه‌زار كه‌س و گوتیناتوانین به‌م زووانه‌ ئه‌م ژمارانه‌ بگۆڕین. بۆ رێگه‌گرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری ئه‌م په‌تایه‌، پێویسته‌ له‌ بۆنه‌كاندا له‌ ده‌وری یه‌ك كۆنه‌بینه‌وه‌. پێویسته‌ هاووڵاتییان ده‌مامك بپۆشن. بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌وه‌ی هاووڵاتییان به‌ركه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ هه‌بووه‌ كه‌ ئه‌نجامی پشكنینه‌كانیان پۆزه‌تیڤ بووه‌، پێویسته‌ ئه‌و ئه‌پڵیكه‌یشنانه‌ داببه‌زێنن كه‌ حكوومه‌ت دایناون.

تا ئێستا نۆ هه‌زار و ٢٤٣ كه‌س له‌ كه‌نه‌دا به‌هۆی كۆرۆناوه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و ١٤٧ هه‌زار و ٧٥٣ حاڵه‌تی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆماركراوە.