ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سه‌باره‌ت به‌ سوتاندنی باره‌گای پارتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی ئه‌نجامدا

دوای ئەوەی ئەمڕۆ ژمارەیەك لەلایەنگرانی حەشدی شەعبی په‌لاماری بارەگای لقی 5ی پارتی دیموكراتی كوردستانیاندا، ئاڵای كوردستانیان سووتاند، بەسەرۆکایەتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا.

بەپێی راگەیێندراوی كۆبوونه‌وه‌ی ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران هاتووه‌، مستەفا كازمی، فەرمانی پێكهێنانی لیژنەیەكی دەركردووە بۆ لێكۆڵینەوە لەرووداوی سووتاندنی ئاڵای كوردستان و بارەگای لقی 5ی پارتی لە بەغدای پایتەخت.

لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، حکومەتی عێراق هەموو رێوشوێنێکی تووند دەگرێتەبەر دژی هەموو ئەوانەی شکۆی دەوڵەت و دەسەڵاتی یاسا دەشکێنن.

نووسینگەی راگەیاندنی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگه‌یاندووه‌  15 کەس دەستگیرکراون کە بەپێی راگەیێندراوەکە لەو رووداوەدا یاساشکێنییان کردووە و كە بەشداربوون لەسووتاندنی بارەگاكەی پارتی لە بەغدا.

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق جگە لە ئیدانەکردنەی ڕوداوەکەوە، رەتیشیکردەوە سوکایەتی بە هەیبەتی دەوڵەت بکرێت، جەختیشکرایەوە لەوەی حکومەت ڕێوشوێنی توند دەگرێتە بەر بەرامبەر ئەو کەسانەی دەیانەوێت هەیبەتی دەوڵەت و دەسەڵاتی یاسا بشکێنن.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دوا پێشهاتەکانی دۆخی ئەمنی کراوە، بە تایبەت رووداوی سوتاندنی باره‌گای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا لەلایەن ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانەوە، کە ئاشتیخوازانەی خۆپیشاندانەکانیان پێشێلکرد و پەنایان بۆ توندوتیژی برد و ئاگریان لە باڵەخانەکە بەردا.

به‌یانی ئەمڕۆ ژمارەیەك لەلایەنگرانی حەشدی شەعبی په‌لاماری بارەگای لقی 5ی پارتی دیموكراتی كوردستانیاندا، ئاڵای كوردستانیان سووتاند.