ناجح میزان : به‌بينينی ئاڵای كوردستان هه‌ست به‌ ئارامی ده‌كرێت

دكتۆر ناجح میزان ، كه‌سایه‌تی سیاسی عێراق سه‌باره‌ت به‌ سووتاندنی ئاڵای كوردستان  و باره‌گای لقی 5ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كوردستان تی ڤی  گوتی: سه‌ره‌تا به‌ ناوی خه‌ڵكی به‌ شه‌ره‌فی عه‌ره‌ب له‌ عێڕاقدا به‌ تووندی ئیدانه‌ی سووتاندنی ئاڵای كوردستان و باره‌گای پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ به‌كرێگیراوان ئه‌نجامیاندا ، به‌ڵام نابێت به‌و كاره‌ هه‌مه‌جی و دڕندانه‌یه‌ تووشی سه‌رسووڕمان بین، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ئێستا ده‌سه‌ڵاتی به‌غدایان له‌به‌ر ده‌سته‌ كه‌سانی خائین و به‌كرێگیراون ، هه‌ر ئه‌وانه‌ بوون عێڕاقیان گه‌یانده‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ی ئێستا و به‌ كوشتدانی كوڕانی ڕۆژئاوای عێڕاق و ناوچه‌ سووننییه‌كان ، هه‌روه‌ها كوشتنی خۆنیشانده‌رانی شیعه‌ ئه‌وانه‌ی دژ به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵ وخائینه‌ن .

هه‌روه‌ها گوتیشی: ئاڵای كوردستان به‌ پێی ده‌ستووره‌ و ئاڵای فیدڕاڵییه‌، به‌بینینی ئه‌و ئاڵایه‌ هه‌ست به‌ ئارامی ده‌كرێت ، وه‌ك بینیمان هه‌ر دوێنێ بوو عه‌ره‌بی سووننه‌ هاتنه‌ هه‌ولێری ئارام و سه‌قامگیر ، كوردستان عه‌ره‌بی سووننه‌ی له‌ كوشتن و داعش و ملیشیاكان ده‌رباز كرد ، ئێمه‌ی له‌ خۆ گرت ،به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مانه‌ ئه‌و كاته‌ی عه‌ره‌بی سووننه‌ خۆیان گه‌یانده‌ ده‌ڤه‌ری ڕه‌زازه‌ كه‌ ئه‌بوو فه‌ده‌ك و ئه‌بو موهه‌ندیس له‌ پێشوازییاندابوون و دواتر گولـله‌ بارانیان كردن، كه‌ تائێستا نازانین ته‌رمه‌كانیان له‌ كێن.

هه‌روه‌ها دكتۆر ناجح میزان ئاماژه‌ی بۆ رووداوه‌كه‌ی دوێنی كردو گوتی:  ئه‌گه‌ر خه‌مخۆرن بۆ ئاڵا ده‌سووتێنن كه‌ ئه‌مه‌ تێكدانی پێكه‌وه‌ ژیانه‌ و پێوویسته‌ ڕێز له‌ئاڵای ده‌ستووری بگرین ، ئه‌گه‌ر  ئه‌و گڕووپانه‌ دژایه‌تی كوردستان ده‌كه‌ن ،ده‌بێت باش بزانن كه‌ كوردستان له‌ ناو دڵی هه‌موو عێڕاقییه‌كی شه‌ره‌فمه‌نده‌، له‌ سووننه‌ بێت یان له‌ شیعه‌ وه‌یان هه‌موو پێكهاته‌كان ، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌ ئه‌مڕۆ كوڕانی شه‌ره‌فمه‌ندی باشووری عێڕاق بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ كوردستان ژیان به‌سه‌ر ببه‌ن ، چونكه‌ ده‌زانن ئه‌و میلیشیایانه‌ ڕۆژێك دادێ تۆڵه‌یان لێ ده‌كه‌نه‌وه‌ ، بۆیه‌ ده‌ڵێم هه‌موو ئازادیخوازانی عێڕاق له‌گه‌ڵ كوردستانن ، چونكه‌ كوردستان ئازاده‌ و به‌كرێگیراوان ترسیان لێی هه‌یه‌ ، هه‌میشه‌ ئازادیخواز حه‌ز ناكات به‌ زه‌لیلی له‌ ژێر ده‌ستی خائین و خۆفرۆشاندا بژیت ، به‌ڵام ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی ده‌یبینین ئه‌وه‌ مالیكی لێی به‌رپرسه‌ .

هه‌روه‌ها ناجح میزان ده‌شڵێت: له‌سه‌ر عه‌ره‌بی سووننه‌ و خۆنیشانده‌ران ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و لێدوانه‌ی هۆشیار زێباری به‌ ڕاوبۆچوونی هه‌موو عێڕاقییه‌كی به‌شه‌ره‌ف بزانن ، چونكه‌ ئه‌و لێدوانه‌ی به‌ڕێزیان ته‌عبیر و داكۆكی له‌ قوربانیانی حه‌بووبی و ناسڕییه‌ و به‌غدا و پێشتریش هه‌زاره‌ها له‌ بێ سه‌رووشوێنبووان ده‌كات.

ئا/ فه‌رمان عه‌لی