د. جوتیار عادل: هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چڕ دەکرێنەوە

دوا بە دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری (د. جوتیار عادل) رۆژی سێشەممە 20 تشرینی یەكەمی 2020، بە ئامادەبوونی شێروان عەوڵا خورشید، نوێنەری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و، بەڕێوەبەری گشتیی چاپ و بڵاوكردنەوە بە وەكالەت بۆ دانانی میكانیزمیكی گونجاو بۆ هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان لە بەرانبەر نەخۆشیی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەك لە دەزگاكانی راگەیاندی هەرێمی كوردستان كۆبووە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەدا، گوتەبێژی حكومەتی هەرێم سوپاسی دەزگاكان راگەیاندنی كرد كە لە ماوەكانی رابردوودا، بەتایبەتی لەماوەی كەمپینی میدیایی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان بەرانبەر مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، رۆڵی ئەرینی و پیشەیی خۆیان جێبەجێكرد و یارمەتیدەری هەوڵەكانی حكومەت بۆ ئەم مەبەستە بوون.

هەروەها تیشكی خستە سەر گرنگیی ئەو پەیوەندییە باشەی كه لە نێوان حكومەتی هەرێم و دەزگاكانی راگەیاندن بۆ ئەو بابەتانە هەیە كه لە بەرژوەندیی گشتیدان، لەوانە هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان بەرانبەر مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، بەشداربووان ڕا و سەرنجی خۆیان بۆ باشتر گەیاندنی رێنماییەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە هاووڵاتییان و چۆنییەتی هۆشیاركردنەوەیان لە رێگەی دەزگاكانی راگەیاندنەوە خستەڕوو.