ماوه‌ی لێخۆشبوونی 15% ی قه‌رزه‌كانی كاره‌با و ئاو درێژكرایه‌وه‌

سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری لێخۆشبوونی بەڕێژەی لەسه‌دا پازده‌ی قەرزی كارەبا و ئاوی سەر هاووڵاتیان تا كۆتایی ئەمساڵ درێژ كردەووە.

بەپێی فەرمانێكی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، كە واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە و ئاڕاستەی وەزارەتی كارەبای كردووە، ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر لێخۆشبوون لەسه‌دا پازده‌ی قەرزی كارەبا ئەگەر هاووڵاتیان تا سی و یه‌كی دوازده‌ی دووهه‌زار و بیست قەرزەكە بدەنەوە.

حوسێن حه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دابه‌شكردنی كاره‌بای هه‌ولێر به‌ كوردستان تیڤی ڕاگه‌یاند: سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێخۆشبوونی له‌سه‌دا پازده‌ی سه‌ر قه‌رزه‌كانی پاره‌ی هاوبه‌شانی كاره‌بای تاوه‌كو كۆتایی مانگی دوازده‌ی ئه‌مسال درێژ كرده‌ووه‌.

 هاوكات ئاری ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌ولێر به‌ كوردستان تیڤی ڕاگه‌یاند: هەمان بڕیاری لێخۆشبوونی له‌سه‌دا پازده‌ی قه‌رزه‌كان بۆ هاوبه‌شانی ئاوی هه‌ولێر تا كۆتایی ساڵ درێژكرایه‌وه‌.