لە یادی 236 ساڵەی دروستکردنی  سلێمانیدا کتێبی "سلێمانی و خاکی" بڵاوده‌كرێته‌وه‌

‌ له‌ كاتژمێر4ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ئەمنە سورەکە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچیت

 ئه‌مڕۆ 236 ساڵ به‌ سه‌ر دروستكردنی شاری سلێمانیدا تێده‌په‌رێت و به‌م بۆنه‌ییه‌وه‌‌ چه‌ندین چالاكی له‌ سه‌نته‌ری شاره‌كه‌دا به‌ڕێوه‌ ده‌چن.
          
لە یادی 236 ساڵەی دروستکردنی سلێمانیدا لە مەراسیمێکدا ١٠٠٠ کتێبی سلێمانی و خاکی لە نوسین و ئامادەکردنی هونەرمەند و راگەیەندنکاری كۆچكردوو ئاسۆ عومەر سوارە دابەشدەکرێت.

رێوره‌سمه‌كه‌ له‌ كاتژمێر4ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ئەمنە سورەکە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچیت.

            
مێژووی دروستبوونی شاری سلێمانی، بۆ 14 ی تشرینی دووه‌می ساڵی 1784 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كاتێك له‌لایه‌ن ئیبراھیم پادشای بابانه‌وه‌ ئاوه‌دانكراوه‌ته‌وه‌،  ئیبراھیم پاشای بابان شاره‌كه‌ی به‌ ناوی سلێمان پاشای باوكییه‌وه‌ ناوناوه‌، ھه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ شاره‌كه‌ گرنگییه‌كی زۆری ھه‌بووه‌ و جگه‌له‌وه‌ی پایته‌ختی میرنشینی بابان بووه‌، ھاوكات مه‌ڵبه‌ندێكی بازرگانی و رۆشنبیری بووه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا.

له‌ ساڵی 1922  تا 1924 شاری سلێمانی پایته‌ختی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی مه‌لیك مه‌حموود بووه‌، جگه‌ له‌وه‌ش كه‌ لانكه‌ی رۆشنبیر و تێكۆشه‌ران بووه‌، مه‌ڵبه‌ندی ھه‌ڵگیرساندنی چه‌ندین شۆڕش و راپه‌ڕینیش بووه‌ له‌ مێژووی كوردستاندا .

له‌ ئێستاشدا شاری سلێمانی شاری رۆشنبیریی و یه‌كێك له‌ گرنگترین شاره‌كانی عێراق و ھه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ ساڵ له‌دوای ساڵ شاره‌كه‌ له‌ سه‌رجه‌م رووه‌كانه‌وه‌ گه‌شه‌ی زیاتر به‌خۆوه‌ ده‌بینێت.

ktv