واشنتن هۆشدارییه‌كی توند سه‌باره‌ت به‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق ده‌داته‌ ئێران

ده‌زانن كه‌ ئێران له‌كرده‌وه‌ی مه‌ترسیدار له‌ناوچه‌كه‌ تێوه‌گلاوه

ئه‌لیۆت ئه‌برامز، نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئێران هۆشداری داوه‌ته‌ تاران له‌ ئه‌گه‌ری هێرشی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان بۆ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق .

نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئێران له‌دیدارێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ به‌شی ئینگلیزیی كه‌ناڵی عه‌ره‌بییه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ویلایه‌ته ‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی به‌هێز وه‌ڵامی هه‌رهێرشێكی ئێران و میلیشیاكانی بۆ سه‌ر هاووڵاتیانی ئه‌مریكی ده‌داته‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتیشی: دۆناڵد تره‌مپ،سه‌رۆكی ئه‌مریكا نییه‌تی ئه‌وه‌ی نییه‌ ململانیێیه‌كی نوێ له‌ناوچه‌كه‌دا بخولقێنێ و پێشتریش رایگه‌یاندووه‌ كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق و ئه‌فغانسان ده‌كشێنێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌لیۆت ئه‌برامز گوتی: هه‌موومان باش ده‌زانین كه‌ ئێران له‌كرده‌وه‌ی مه‌ترسیدار له‌ناوچه‌كه‌ تێوه‌گلاوه‌و ئه‌مه‌شمان به‌ روونی له‌ عێراقدا بینی.

نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئێران گوتیشی: ئه‌گه‌ر ئێران و میلیشیاكانی بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ هێرش بكه‌ن و زیان به‌ ئه‌مریكییه‌كان بگه‌ێنن، ئه‌وا ئه‌مریكا به‌ توندی وه‌ڵامییان ده‌داته‌وه‌.

 وه‌رگێڕان و داڕشتنه‌وه‌ی / رزگار