سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کۆبووەوە

سەرۆکی حکومەت ستایشی ھەوڵ و ماندووبوونی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و داکۆکیکردن لە  شایستە دارایی و دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە 2020/11/23 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی دانوستانکاری ھەرێم لە گەڵ بەغدا کۆبووەوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ستایشی ھەوڵ و ماندووبوونی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و داکۆکیکردن لە  شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و لە پێش هەموویانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکە جەخت کرایەوە لەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێم لایەنی فەرمی گفتوگۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و بە هیچ شێوەیەک حکومەتی هەرێم سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات.

هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و بەردەوام داکۆکی لە مافە ڕەواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە.

هەر لە کۆبونەوەکەدا، پرۆسەی گفتوگۆی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی تاووتوێ کرا هەروەها شاندی هەرێمی کوردستان لە هەر کاتێک بە پێویستی بزانێت، ئامادەیە سەردانی بەغدا دەکات.