رێز.. له‌ هونه‌رمه‌ند لالۆ ڕه‌نجده‌ر ده‌گیرێت

میدالی شانازی  بۆ پیر لالۆی ڕه‌نجده‌ر

له‌ نزیك گڕی باوه‌ گوڕگوڕ، كه‌ هه‌ر ده‌ڵێی گڕی ئه‌و ئاگره‌ به‌تینه‌ چووه‌ته‌ نێو هه‌ناوییه‌وه‌، هه‌م جه‌رگ و ویژدانی، هه‌م سه‌ر و سیمای هه‌ڵپڕووكاندووه‌، كوڕه‌ كوردێك دێته‌ ژیانه‌وه‌.

ئه‌و له‌ ناوچه‌وانی نووسرا بوو كورد بێت، كوردێكی سه‌ركه‌ش و یاخی له‌ داگیركه‌ر و كۆت و به‌ندی. بۆیه‌ ئه‌و كوڕه‌ كورده‌ ته‌مه‌نی لاویی خۆی له‌ ڕێی پێشمه‌رگایه‌تییه‌وه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌خشی، بۆ ڕزگاریی كورد و كوردستان كردی به‌ خه‌ڵات.

له‌ ڕاپه‌ڕینی شكۆمه‌ندی ئاداری 1991یشدا، تۆپی دوژمن ده‌تگوت به‌ بۆن ماڵی پیر لالۆی ره‌نجده‌ری دۆزیوه‌ته‌وه‌، گولله‌ تۆپێكی به‌عسی داگیركه‌ر له‌ گه‌ڕه‌كێكی شاری كه‌ركووك به‌ر ماڵه‌كه‌ی لالۆ ده‌كه‌وێت، ماڵ خاپوور ده‌كات، دایك و هاوسه‌ر و جگه‌رگۆشه‌یه‌كی به‌ره‌و به‌هه‌شتی شه‌هیدانی كوردستان ره‌وان ده‌كات.

ktv

پیر لالۆی ره‌نجده‌ر، ده‌نگی هه‌رده‌م نه‌عره‌ته‌ی هه‌ڵمه‌ت بردنی پێشمه‌رگه‌ بووه‌، هزر و بیری هه‌میشه‌ بارمته‌ی ڕێی ئازادیی كوردستان بووه‌، هه‌رده‌م كوردێكی گیان له‌سه‌ر ده‌ست و به‌ هه‌ڵوێست بووه‌.

بۆ رێز گرتن له‌و هه‌موو سه‌روه‌رییه‌، رێزداران سه‌ید حه‌سه‌نی پیریادی، ستار جه‌باری، شێخ محه‌مه‌د عوبێدی لوتفی و تاریق كارێزی، به‌ نوێنه‌رایه‌تیی گوڵده‌سته‌ی ڕۆشنبیرانی كه‌ركووك، میدالی شانازییان پێشكه‌ش به‌ پیر لالۆی ڕه‌نجده‌ر كرد.

له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا ژماره‌یه‌ك گه‌نجی به‌هره‌مه‌ندی كوردستان ئاماده‌ بوون. ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ش له‌به‌ر سێبه‌ری په‌یكه‌ری شاعیری عه‌شق و شه‌یدایی، وه‌لی دێوانه‌ به‌ڕێوه‌ چوو.