عێراق لە چاوەڕوانی ئێراندایە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا

عێراق هێشتا لە چاوەڕوانیی ئێراندایە بۆ دەستپێکردنەوەی بڕی پێویستی هەناردەی گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، دوای ئەوەی ڕۆژی سی دیسەمبەر ئەمریکا مۆڵەتەکەی بۆ عێراق بۆ درێژەدان بە هاوردەی کارەبا لە ئێران بۆ سێ مانگ درێژ کردەوە.

ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە ئاژانسی هەواڵی ناوخۆیی عێراقى ڕاگەیاند: هۆکاری کەمیی کارەبا لە پارێزگاکان بۆ بەردەوامیی کەمبوونەوەی بڕی هاوردەی گاز لە ئێرانەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەگەڕێتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی مستەفا کازمیی سەرۆك وەزیران کە ئاژانسی هەواڵی ناوخۆیی عێراقى بڵاوی کردەوە، ڕەزا ئەردەکانیان، وەزیری وزەی ئێران، کە ڕۆژی 29ی دیسەمبەر سەردانی عێراقى کرد، بەڵێنی دەستپێکردنەوەی هاوردەی گازی دا.

وڵاتی عێراق، کە لەئ ێستادا لەقەیرانی داراییدایە، چەندەها ملیار دۆلاری لە بەرانبەر هاوردەی گازی ئێران قەرزارە، ئەوگازەش پێویستە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێاننی کارەبا لە وڵاتەکەدا.

بەپێی وتەی بەرپرسانی عێراق ، ئێران بڕی هەناردەی گازی بۆ عێراق لە 50 ملیۆن مەتر سێجای ڕۆژانەوە بۆ پێنج ملیۆن مەتر سێجای ڕۆژانە کەمکردۆتەوە.