له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا ئامر فه‌وجێك و 2 سه‌ربازی سوپای عێراق كوژران

له‌ ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی چێنراو له‌ رۆژئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وا باكووری عێراق، یه‌ك ئه‌فسه‌ر و دوو سه‌رباز كوژران.

وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق له‌ راگه‌یاندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ی شه‌رائیع باكووری قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر رۆژئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وا بۆمبێكی چێنراو به‌ كاروانێكی سوپای عێراقدا ته‌قیووه‌ته‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یاندراوه‌كه‌، ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌و كاته‌دا روویداوه‌ كه‌ ھێزه‌كانی سوپای عێراق سه‌رقاڵی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركێك بوون له‌ ناوچه‌كه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌یشدراوه‌ كه‌، له‌ ئاكامی ته‌قینه‌وه‌كه‌دا، ئامر فه‌وجی دوو له‌ لیوای 73ی پیاده‌ سه‌ربه‌ فیرقه‌ی ١٥ی سوپای عێراق، موقه‌ده‌م روكن، حه‌یده‌ر عادل محه‌مه‌د و دوو سه‌ربازی دیكه‌ كوژراون.