سه‌در: ئه‌گه‌ر له‌ ژیاندا بمێنم رێگه‌ به‌ دووباره‌ دواخستنی ھه‌ڵبژاردنه‌كان ناده‌م

موقته‌دا سه‌در ، سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در ، ھۆشداریی دا له‌ دووباره‌ دواخستنی ھه‌ڵبژاردنه‌كان و رایگه‌یاند، "ئه‌گه‌ر له‌ ژیاندا مام رێگه‌ به‌ دووباره‌ دواخستنی ھه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ناده‌م".

موقته‌دا سه‌در له‌ په‌یامێكدا كه‌ له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، نووسیوویه‌تی: "ئه‌گه‌ر له‌ ژیاندا مام رێگه‌ به‌ دووباره‌ دواخستنی ھه‌ڵبژاردنه‌كان ناده‌م، له‌م ماوه‌یه‌شدا پێویسته‌ ھه‌مووان به‌ رۆحێكی نیشمانییه‌وه‌ كاربكه‌ن بۆ سه‌رخستنی و ته‌واوكردنی به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه‌ دوور له‌ گرژی و مشتومڕ".

موقته‌دا سه‌در ھۆشدایی داوه‌ له‌وه‌ی "گه‌نده‌ڵكاران یاری به‌ئه‌نجامی ھه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن له‌رێگه‌ی یاسای ھه‌ڵبژاردن، ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی ھه‌ڵبژاردنه‌كان و چه‌ندین رێگه‌ی دیكه‌ش كه‌ زیان به‌ گه‌ل ده‌گه‌یه‌نێت".

بڕیاربوو ھه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ بۆ ھه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی خولی چواره‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ شه‌شی حوزه‌یرانی داھاتوو به‌ڕێوبچێت، به‌ڵام له‌سه‌ر پێشنیازی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی ھه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا به‌ ئه‌نجامدانی ھه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ رۆژی 10ی تشرینی یه‌كه‌می 2021.