ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری غوده‌ی ته‌مه‌ڵ نه‌كرا چی به‌سه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌دا دێت ؟

هه‌ركاتێك غوده‌ی ته‌مه‌ڵ (سستی غوده‌ی ده‌ره‌قی) ده‌ستنیشان كرا پێویسته‌ زوو چاره‌سه‌ر بكرێ ، ئه‌گه‌رنا كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ته‌ندروستی تووشی نه‌خۆشه‌كه‌ ئه‌كات وه‌كو:

1- گه‌وره‌بوون و ئاوسانی غوده‌ی ده‌ره‌قی له‌ به‌شی پێشه‌وه‌ی مل له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی ناڕه‌حه‌تی و هه‌ناسه‌توندی و گران قوتدانی خواردن، جگه‌ له‌وه‌ی له‌ڕووی شكڵه‌وه‌ ناشرین ئه‌بێت.

 2- چاره‌سه‌ر نه‌كردنی غوده‌ی ته‌مه‌ڵ له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی چه‌وری دڵ و چه‌وری سه‌رجگه‌ر و گیرانی بۆڕیه‌كانی دڵ و گرژبونی ماسولكه‌ی دڵ و به‌رزبونه‌وه‌ی زه‌خت و خاوبوونه‌وه‌ی لێدانی دڵ و سست بونی دڵ (عجز القلب).

3-یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ گرنگه‌كانی قه‌ڵه‌وی بریتیه‌ له‌ غوده‌ی ته‌مه‌ڵ و ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه‌ هه‌وڵیش بدات ناتوانێ خۆی لاواز بكات، تاكو چاره‌سه‌ری غوده‌كه‌ی نه‌كات.

 4- ئه‌و كه‌سانه‌ی غوده‌ی ته‌مه‌ڵیان هه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌موو كات هه‌ست به‌ ئاوساوی قاچ و ڕووخسار و سڕبوون و مێرووله‌ كردنی په‌له‌كان بكه‌ن.

 5- غوده‌ی ته‌مه‌ڵ له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی نه‌زۆكی له‌ ئافره‌تان و پیاوان. ئافره‌تانی سكپڕ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری غوده‌ی ته‌مه‌ڵه‌كه‌یان نه‌كه‌ن له‌وانه‌یه‌ ببێته‌هۆی تێكچونی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ و له‌دایكبونی پێشوه‌خت و له‌بارچوون.

6- غوده‌ی ته‌مه‌ڵ پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێ چونكه‌ ئه‌بێته‌ هۆی هه‌ندێ حاڵه‌ت درێژخایه‌نی وه‌كو كه‌م خوێنی و قه‌بزی و قژه‌ڵوه‌رین.

7- ئه‌گه‌ر غوده‌ی ته‌مه‌ڵ چاره‌سه‌ر وه‌رنه‌گرێ له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی زۆر خه‌وی و تێكچوونی میزاج و دڵته‌نگی و خه‌مۆكی.

دكتۆر/ داهات جه‌مال حه‌وێزی

پزیشكی پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی ھه‌ناوی و شه‌كره‌