له‌ ماوه‌ی سێ رۆژی داهاتوو یه‌كه‌م كاروانی ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنا دەگاتە عێراق

بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا یه‌كه‌م كاروانی ڤاكسینی دژه‌كۆرۆنا بگاته‌ عێراق و پشكی هه‌رێمی كوردستانیشی لێ ده‌درێت.

وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق حه‌سه‌ن ته‌میمی رایگه‌یاند: له‌ ماوه‌ی سێ رۆژی داهاتوو یه‌كه‌م كاروانی ڤاكسینی دژه‌كۆرۆنا له‌ جۆری سینۆفارمی چینی دەگاتە عێراق كه‌ له‌ په‌نجا هه‌زار دانه‌ پێك دێت، هه‌روه‌ها بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی ڤاكسینه‌كه‌ش، پشكی هه‌رێمی كوردستانی لێ بدرێت.

پێشووتریش وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان دكتۆر سامان به‌رزنجی به‌ كوردستان تیڤی راگه‌یاندبوو، له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا پێنج هه‌زار ڤاكسینی دژه‌كۆرۆنای چینی ده‌گاته‌ هه‌رێمی كوردستان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو، ڤاكسینه‌كه‌ به‌سه‌ر كارمه‌ندانی ته‌ندروستی كه‌ له‌ كه‌رتی پێشه‌وه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنان به‌ پێكووته‌كه‌ ده‌كوترێن.