گه‌وره‌ بیرمه‌ندی فه‌رنسی "بێرنارد لێڤی" كتێبه‌ نوێكه‌ی پێشكه‌شی كورد كرد

"ئیمپراتوورو پێنج پاشا، كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكاو چاره‌نووسی جیهان"

نوێترین به‌رهه‌می گه‌وره‌ بیرمه‌ندی فه‌رنسی بێرنارد لێڤی  كتيَبي  "ئیمپراتوورو پێنج پاشا، كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكاو چاره‌نووسی جیهانله‌ دووتووێی  ٢٦١ لاپه‌ره‌دا كه‌وته‌ به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ران. كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٩دا له‌ نیویۆرك چاپ كراوه‌. مه‌به‌ست له‌ ئیمپراتوور، ئه‌مریكایه‌، پێنج پاشاكه‌ش وڵاتانی، چین، رووسیا، ئێران، توركیاو سعوودیه‌ن كه‌ ململانێ باڵاده‌ستی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن و به‌ كشانه‌وه‌ی واشنگتن له‌ كێشه‌ نێوچه‌یی و جیهانییه‌كان دیار نیه‌ كه‌ چاره‌نووسی جیهان چی به‌سه‌ر دێت.

ده‌ستپێكی په‌رتووكه‌كه‌ به‌ ناوی 'كورد لاقێكی كۆتره‌كه‌' ده‌ست پیده‌كات و نووسه‌ر به‌ وردی باسی له‌ خه‌باتی دادخوازانه‌ی كوردستان بۆ رزگاری و ئازادی كرده‌وه‌و به‌ پست به‌ستن به‌ به‌ڵگه‌ سه‌لمادوویه‌تی كه‌ زلهێزه‌كان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان پشتیان له‌ خه‌بات و فیداكاری میلیۆنان مرۆڤ كردوه‌ كه‌ سه‌وداسه‌ری ئازادی و سه‌ربه‌ستین و نموونه‌ی ژیانێكی فره‌یی و كراوه‌یان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناڤین هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌.

نووسه‌ر له‌ بڕگه‌ جیاجیاكانی په‌رتووكه‌كه‌ی دا، ئاوڕی بۆ سه‌ر رێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ٢٥ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠١٧ی هه‌رێمی كوردستان داوه‌ته‌وه‌و هه‌ر له‌م به‌ستێنه‌دا هه‌ڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا به‌ گشتیی و ئه‌مریكای به‌ تایبه‌ت ره‌خنه‌باران كردوه‌.

بێرنارد له‌ كتێبه‌كه‌ی دا ١٦ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ و داگیركردنی كه‌ركووك  وه‌كوو  داگیركردنی به‌رلین و وارشۆ به‌ ده‌ست نازی و پاشان سۆڤیه‌ت وه‌سف ده‌كات، بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفه‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌ باوه‌ری وایه‌: " ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركووك روویدا بۆ كورد كاره‌ساتێكی مرۆیی بوو."

پێشته‌ر فه‌یله‌سوف و ده‌رھێنه‌ری به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسی به‌ مێته‌ر كوردی وتبوو ده‌بێ باش بزانین كه‌ كورد باشترین و راستگۆترین ھاوپه‌یمانن و نابێ به‌ دیكتاتۆره‌كان بفرۆشین، دوێنێ كورد له‌ كه‌ركوك به‌ خامه‌نه‌یی فرۆشرا و ئه‌مرۆش له‌ عه‌فرین به‌ ئه‌ردۆغان فرۆشرا. په‌یامی من زۆر روونه‌ كورد به‌ھا و نرخی زۆری له‌ پێناو مرۆڤایه‌تی داوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر به‌ربه‌ریه‌تی داعشدا، ده‌بێت له‌مه‌ تێبگه‌ین و ھه‌روه‌ھا ئه‌وه‌ش باش بزانین كه‌ كورد باشترین و راستگۆترین ھاوپه‌یمانن. پشت كردنه‌ كورد جیا له‌وه‌ی ھه‌ڵه‌یه‌كی مێژووییه‌، شه‌رمه‌زارییه‌كی مه‌زنیشه‌ بۆ رۆژئاوا، مێژووی مرۆڤایه‌تی ده‌بێت نرخی ئه‌م بێ موراڵییه‌ بدات، لێ ده‌زانم له‌ ئاكامیشدا داری خه‌باتی پێشمه‌رگه‌ به‌ر ده‌گرێت و كوردستان سه‌ربه‌خۆ ده‌بێ.

بێرنارد ھێنری لێڤی ساڵی ١٩٤٨ له‌ دایك بوه‌. لێڤی به‌ یه‌كێ له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی به‌ره‌ی فه‌یله‌سۆفه‌ نوێیه‌كان داده‌نرێت. كه‌سایه‌تییه‌كی كاریگه‌ره‌ له‌ جیهان دا. چه‌ندین كتێب و فیلمی ھه‌یه‌. یه‌كێك له‌ فیلمه‌كانی ناوی پێشمه‌رگه‌یه‌ كه‌ تێیدا باس له‌ به‌رخۆدانی قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌رانبه‌ر داعش دا ده‌كات.

لێڤی له‌ ماوه‌ی حه‌وتووی رابردوودا له‌ نیویۆرك و واشنگتن باسی له‌ نێوه‌رۆكی كتێبه‌كه‌ی بۆ سه‌دان ئه‌مریكایی كردوه‌.

لێڤی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ رووخۆشی په‌رتووكه‌كه‌ی پێشكه‌ش كردم، به‌ دڵنیاییه‌وه‌‌ رووی له‌ پێشمه‌رگه‌كان كردو وتی: روو له‌ پێشمه‌رگه‌كان ده‌كه‌م و ده‌ڵێم ده‌زانم ئه‌وان دڵته‌نگن و خیانه‌تییان لێكراوه‌، به‌ڵام ده‌بێت له‌وه‌ش دڵنیابن كه‌ له‌ رۆژئاوا دۆستان ھه‌یه‌. سیاسه‌توانانی رۆژئاوا درۆیان كرد، به‌ڵام ئه‌مه‌ تا كۆتایی ئاوا نابێ و به‌ زوویی ھه‌ڵه‌كانی خۆیان چاك ده‌كه‌نه‌وه‌.

مسته‌ر_كورد