سه‌رۆكی پێشووتری یانه‌ی بارسێلۆنا و 2 به‌رپرسی دیكه‌ی یانه‌كه‌ ده‌ستگیركران


پۆلیسی ئیسپانیا جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ سه‌رۆكی پێشووی یانه‌ی بارسێلۆناو دوو به‌رپرسی پێشووی دیكه‌ی یانه‌كه‌ی ده‌ستگیركرد.
 سه‌رچاوه‌كانی ده‌نگوباسی ئیسپانیا بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی پۆلیسی ئیسپانیا هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر باره‌گای سه‌ره‌كی یانه‌ی بارسێلۆناو پشكنینان بۆ دۆسیه‌كانی ئیداره‌ی پێشووی تیپه‌ كاتالۆنیه‌كه‌ كرد.
هاوكات پۆلیس هه‌ریه‌ك له‌ جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ سه‌رۆكی پێشووی بارسێلۆناو ئۆسكار گراو سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری پێشووی بارساو ڕۆمان گۆمێز به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی به‌شی یاسایی یانه‌كه‌ی ده‌ستگیركرد، ئه‌ویش بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی كارگێڕی پێشووی بلاوگڕانا كراوه، به‌ تایبه‌تی بارتۆمیۆ كه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌وه‌ی گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی تایبه‌ت به‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هه‌بوو و كۆمپانیاكه‌ش له‌ ڕێگای پتر له‌ سه‌د ئه‌كاونتی ساخته‌ پاڵپشتی بارتۆمیۆی ده‌كرد، ئه‌مه‌ وێڕای دژایه‌تیكردنی كه‌سایه‌تی و ئه‌ستێره‌كانی یانه‌كه‌ وه‌ك لیۆنێل مێسی و جیرارد پیكێ و پیپ گواردیۆلاو خوان لاپۆرتا.
 هاوكات ده‌سته‌ی كارگێڕی كاتی بارسێلۆنا ڕایگه‌یاند كه‌ هاوكاری پۆلیسی ئیسپانیا ده‌كات له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی تایبه‌ت به‌م دۆسیه‌یه‌ .