هاووڵاتییه‌ك به‌ 500 هه‌زار دۆلار قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ 22 ساڵ به‌ ناڕه‌وا زیندانیكرابوو

له‌ ئه‌مریكا، دادگا بڕیاریدا كه‌ ویلایه‌تی میسیسیپی بڕی 500 هه‌زار دۆلار وه‌ك قه‌ره‌بوو بداته‌ هاووڵاتی ره‌شپێست، كورتیس فلاوه‌رس له‌ پای ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ 22 ساڵ به‌ ناڕه‌وا به‌ندكراوه‌.

دادگای باڵای ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2019دا، بڕیاری ئازادكردنی بۆ كورتیس فلاوه‌رس ده‌ركرد.

كورتیسفلاوه‌رس له‌ ساڵی 2020دا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌ نایاسایی به‌ندكراوه‌ سكاڵای تۆماركرد و داوای كرد قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه‌. دادگاش بڕیاره‌كه‌ی ویلایه‌تی میسیسیپی به‌ ناڕه‌وا له‌ قه‌ڵه‌مدا و بڕیاریدا كه‌ بڕی 500 هه‌زار دۆلار وه‌ك قه‌ره‌بوو بدات به‌ ناوبراو.

هه‌روه‌ها دادگا بڕیاریدا كه‌ 50 هه‌زار دۆلاریش بدرێته‌ پارێزه‌رانی كورتیس فلاوه‌رس وه‌ك تێچووی بریكاره‌كه‌یان.

كورتیس فلاوه‌رس له‌ ساڵی 1996دا، وه‌ك به‌رپرس له‌ كوژرانی چوار كه‌س له‌نێو كۆگایه‌كی مۆبیلیاتدا له‌ قه‌زای وینۆنا ده‌ستبه‌سه‌ركرا و سزای له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌ركرابوو.

به‌پێی یاساكانی ویلایه‌ته‌كه‌، لانیكه‌م بڕی 500 هه‌زار دۆلار قه‌ره‌بوو ده‌درێته‌ ئه‌و به‌ندیانه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت به‌ ناڕه‌وا به‌ندكراون.