"غالب حه‌ساری" بۆكوردستان تیڤی: هۆنراوه‌كانم گوزارشت له‌ كۆی بواره‌كانی ژیان ده‌كات

هه‌ڵبه‌ست ئه‌و سۆزه‌ جوان و پاك و به‌رزو پیرۆزه‌ی مرۆڤه‌ كه‌ له‌ ناخی هه‌ست وهزرو دڵیه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێ

پێشمه‌رگه‌و شاعیر  (غالب حه‌ساری) له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو هاتۆته‌ ناو جیهانی ئه‌ده‌به‌وه‌ پێنج به‌رهه‌می چاپكراوی هه‌یه‌ خۆشه‌ویستی خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌ی  بوونه‌ته‌ هه‌وێنی هه‌ڵبه‌سته‌كانی ، بۆ زیاتر ئاشنا بوون به‌ جیهانه‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی  شیعر  به‌ باشمان زانی وه‌كو ،ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی به‌ چه‌ند پرسیارێك ئه‌م هه‌ڤپه‌یڤینه‌ی له‌گه‌ڵدا سازبكه‌ین..

 هه‌ڤپه‌یڤین  – كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

* سه‌ره‌تا  ئه‌گه‌ر بكرێت ، به‌ كورتی باس له‌ ژیانی خۆت بكه‌یت .

 - ناوم  غالب ڕه‌فیق محمد ته‌ها یه‌ ، ناسراو به‌ ( غالب حه‌ساری) ،له‌ دایك بوی 1970 ، حه‌ساری گه‌وره‌ ، كه‌ركوك تا قۆناغی ناوه‌ندیم خوێنده‌وه‌.

له‌ بواری شیعره‌وه‌ له‌ ساڵه‌كانی 1986 1987وه‌ هۆنراوه‌ی به‌ره‌نگاری و نیشتمانیم نوسیوه‌ له‌ كه‌ركوك

له‌ ساڵی 1988 په‌یوه‌ندیم به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌ كردوه‌ پاش ئه‌نفالی به‌دناو ئاواره‌ی ئێران بووم هه‌میشه‌ له‌ سه‌نگه‌ری داكۆكی كردن له‌ مافی نه‌ته‌وه‌كه‌م بووم وه‌ك شاعیرو پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان ناوزه‌ند كراوم.

ktv

*چۆن پێناسه‌ی شیعر ده‌كه‌یت؟

- هه‌ڵبه‌ست ئه‌و سۆزه‌ جوان و پاك و به‌رزو پیرۆزه‌ی مرۆڤه‌ كه‌ له‌ ناخی هه‌ست وهزرو دڵیه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێ له‌ چوارچێوه‌ی هۆنراوه‌ی ناسك ده‌ری ده‌بڕی و پێشكه‌شی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی و نیشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كات.

*به‌ كام له‌ شاعیره‌كانی كورد سه‌رسامی  یاخود كاریگه‌ریان له‌سه‌ر تۆ هه‌بووه‌ ؟

- زۆرن شكۆدارانی نه‌ته‌وه‌و نیشتمان ، مام هه‌ژار، هێمن ،قانع ،بێكه‌س ، وه‌لی دێوانه‌ ، گۆران  ،كامه‌ران موكری . .  

* شیعره‌كانت ، زیاتر گوزارشت له‌ نیشتمان  یان خاك یان له‌ خۆشه‌ویستی  ده‌كات؟

- هۆنراوه‌كانم گوزارشت له‌ كۆی بواره‌كانی ژیان ده‌كات ، وه‌ك ڕووحی نیشتمان په‌روه‌ری و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ستی خۆشه‌ویستی خاك و ئه‌وین و دڵداری.

ktv

  * كوردستان له‌ كوێی شیعره‌كانته‌؟

-  كوردستان له‌ ترۆپكی هۆنراوه‌كانمه‌.

*كات و ساتێكی دیار كراوت هه‌یه‌ بۆ نووسینی شیعر؟

- هاتنی ئیلهامی شیعر هه‌مو كات و ساتێك ده‌رگه‌و په‌نجه‌ره‌ی كراوه‌یه‌ كاتی دیاری كراوی نیه‌.

ktv

*چه‌ند به‌رهه‌می چاپكراوت هه‌یه‌ ده‌كرێت ئاماژه‌ی پێبده‌یت؟

--به‌ڵێ پێنج به‌رهه‌می چاپ كراوم هه‌یه‌:

بژی پارتی و بارزانی ساڵی 2013

كوردستانێكی گه‌شتر ساڵی 2014

سڵاو له‌ پێشمه‌رگه‌ ساڵی 2015

هه‌ر بژی كوردستانم ساڵی 2016

لووتكه‌ی داهێنان ساڵی 2017

 هه‌ر بۆ زانیاریتان  لووتكه‌ی داهێنان ، یه‌ك چوارینه‌ به‌ 212 جار ده‌خوێنرێته‌وه‌،په‌رتوكه‌كانم له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆم چاپ كراون پێشكه‌شی په‌رتوكخانه‌ی كوردیم كردون.

ktv

* به‌رهه‌می نوێت هه‌یه‌ ، بۆ چاپكردن؟

- به‌ڵێ ده‌یه‌ها په‌رتوكی ترم هه‌ن بۆ چاپ چه‌ندین په‌رتوكی جۆری نوێی داهێنانن ڕێبازو شێوازی جیاواز له‌ یه‌كتری نوێی ووێژه‌یین هێڵكارین جگه‌ له‌ ڕه‌وان بێژی و په‌رتوكی ، بێ خاڵ ، و چه‌ندین جۆر چوارین و چه‌ندین په‌رتوكی ڕه‌گه‌ز دۆزی جۆره‌ها هۆنراوه‌ی تر و په‌ندو مه‌ته‌ڵه‌ شیعر زۆر شتی تر ئاماده‌یه‌ بۆ چاپكردن.

* ئێمه‌ له‌ كۆتایی ئه‌و دیداره‌دا زۆر سوپاست ده‌كه‌ین.

- منیش سوپاسی ئێوه‌ی ئازیز ده‌كه‌م بۆ ئه‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌.

ئـه‌نـفــال ئــــاخی نــــابـڕێـتـه‌وه‌

ئــــــاگــرێـكـه‌ نـــــــاكـوژێـتـه‌وه‌

 

ئــــازارێـكی هـه‌ســت هـه‌ژێـنـه‌

لـه‌ نـــــــاخـــــه‌وه‌ دڵ تــه‌زێـنـه‌

 

بــــــریــنــێــكی بـه‌ ئــــــــــازاره‌

جـیـهــان پـێـوه‌ی شـــه‌رمـه‌زاره‌

 

ئـه‌نـفــــــال تــــــاوانـه‌ هـه‌ڵـه‌یـه‌

بــۆ مــرۆڤــــــــایـه‌تـی پـه‌ڵـه‌یـه‌

 

تــــا مـــابێ گـه‌ردوون و ژیــــان

شـــووره‌ییه‌ بۆ هه‌مـوو جیـهـان

 

سـه‌دو هه‌شـتاو دوو هه‌زار ئـاخ

بـۆ گـۆڕ ئـه‌نـفـالـی بێ ســـۆراخ

 

پـــیــــرو ژن و مـنـاڵ وورد بون

ئه‌نفال تاوانیان به‌س كورد بون

 

تــا ڕوفـــات ئـه‌نــفـــالـێ مـابـێ

ئـه‌و پـرۆســـــه‌یـه‌ تـه‌واو نـابـێ

 

ڕۆژ خـۆی دێ ده‌ســه‌نرێ تۆڵه‌ی

ماف وه‌ر ده‌گرێ ڕۆڵه‌ی . ڕۆڵه‌ی

غالب حه‌ساری 16- 3- 2015 هه‌ولێر