سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەرپرسی نوێی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆن دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 2021/4/20 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە نیکیهیرۆ ئاراکاوا بەرپرسی نوێی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆن لە هەولێر کرد .

سەرۆکی حکومەت ، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە بەرپرسی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆن کرد و هیوای خواست لە ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو بێت و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆن، لە هەموو بوارەکاندا پەرە پێ بدات. لە کۆبوونەوەکەدا ، کە تۆیاما کەی بەڕێوەبەری نووسینگەی ئاژانسی هاریکاریی نێودەوڵەتیی جایکای ژاپۆنی لە عێراق بەشدار بوو ، گفتوگۆ دەربارەی کار و پڕۆژەکانی ئاژانسی جایکا لە هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی هەماهەنگیی لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی هاوکارییەکانی وڵاتی ژاپۆن و بەتایبەتی ئاژانسی جایکای کرد کە ماوەیەکی زۆرە لە ڕێگەی ئەنجامدانی پڕۆژەکانییەوە، خزمەت بە هەرێمی کوردستان دەکات، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پێشوازیکردن لە وەبەرهێنەرانی ژاپۆنی دووپات کردەوە.