شەڕ و پێكدادان لەنێوان ئاسایشی خۆسەر و میلیشیاکانی حکومەتی سووریا ده‌ستی پێكرده‌وه‌

شەڕ و پێكدادانی سەخت و دژوار لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی رێڤەبەری خۆسەر و میلیشیاکانی بەرگریی نیشتمانی سەر بە حکومەتی سووریا ده‌ستی پێكرده‌وه‌.

بەهۆی ئاگربەستی کاتی لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی رێڤەبەری خۆسەر و میلیشیاکانی بەرگریی نیشتمانی سەر بە حکومەتی سووریا بە نێوەندگیری رووسیا ئارامی بۆ قامیشلۆ گەڕابووەوە، بەڵام لە شه‌وی رابردوو شه‌ڕ ده‌ستیپێكردۆته‌وه‌ و نیوەڕۆی دوێنێ جارێکی دیکە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان بە چەکی سووک و قورس لەو شارە به‌رده‌وام بوو.

جاندار شرناخی پەیامنێری كوردستان تیڤی رایگەیاند: شەڕ و پێکدادانێکی سەخت و دژوار لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی رێڤەبەری خۆسەر و میلیشیاکانی بەرگریی نیشتمانی سەر بە حکومەتی سووریا لە گەڕەکی تەی لە قامیشلۆ دەستی پێکردووەتەوە، دەنگی تەقەیەکی زۆر و هاوەن دەبیسترێت. دەستپێکردنەوەی ئەو شەڕە لە کاتێکدایە دوێنێ، شاندێکی سەربازی رووسی لەگەڵ هەردوو لایەنی شەڕەکە لە فڕۆکەخانەی قامشلو کۆبووەوە و ئەنجامی کۆبوونەوەکەش ئاگربەست بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئاگربەستەکە پێشێلکرا و شەڕ دەستیپیکردەوە.

ئێستا شەڕی کۆڵان بە کۆڵان  لە گەڕەکی تەی، کە گەڕەکێکی عەرەب نشینە لە قامیشلۆ دەکرێت، چەکی سووک و قورس بەکار دەهێندرێت، تاوەکو ئێستا دوو مووشەک لە گەڕەکی تەی-ـەوە ئاراستەی گەڕەکەکانی قامشلۆ کراون، تەنیا زیانی ماددیان هەبووە، لە شەڕ و پێکدادانەکان بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان تاوەکو ئێستا سێ کەس بریندار بوونە.