ئەمریکا: پارە بلۆککراوەکانی ئێران ناگه‌ڕێنینه‌وه‌

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە گەڕاندنەوەی پارە بلۆککراوەکانی ئێران دەکەن وەک نیشاندانی نیازپاکی تاک لایەنەی ئەمریکا بۆ ئەو بابەتە راست نین.

نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، ئەو راپۆرتانەی ئاماژە بەوەدەکەن کە واشنتن بەنیازە پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران بەیەکجار ئازاد بکات، دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە.

هه‌روه‌ها وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نوسیویه‌تی، هه‌ر هه‌نگاوێك بنرێت ده‌بێت دولایه‌نه‌ بێت و ئه‌مریكا به‌ ته‌نیا ده‌ستپێشخه‌ری ناكات.

پێشتر كه‌ناڵی (سی ئێن ئێن)ی ئه‌مه‌ریكای بڵاویكردبوویه‌وه‌، واشنتن به‌ نیازه‌ پاره‌ بلۆككراوه‌كانی تاران بگه‌ڕێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بواری مرۆییدا خه‌رج بكرێن.