له‌ عێراق زیاتر له‌ پێنج هه‌زار كەس تووشی كۆڕۆنا بوون

وەزارەتی تەندروستی عیراق رایگەیاند، هەزاران حاڵەتی نوێی تووشبوون بە پەتای كۆڕۆنا تۆماركراوەو 34 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.

ئه‌مرۆ سێ شه‌ممه‌ 2021-5-11 وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق رایگه‌یاندووه‌ له‌ماوه‌ی بیست و چوار كاتژمێری رابردوودا پێنجهه‌زار و دووسه‌د و هه‌شتا و حه‌وت كه‌سی دیكه‌ له‌سه‌رانسه‌ری عێراق تووشی كۆرۆنا بوون، هه‌روه‌ها له‌ماوه‌ی شه‌ووڕۆژی رابردوودا سی و چوار تووشبووی كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق له‌ ئاماری ئه‌مڕۆی خۆیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ كۆی گشتی تووشبووانی كۆرۆنا له‌سه‌رانسه‌ری عێراق گه‌یشتووه‌ته‌ یه‌ك ملیۆن و سه‌د و بیست و دووهه‌زار و نۆسه‌د و چوارده‌ كه‌س كۆی گشتی مردووانیش به‌ كۆرۆنا له‌ عێراق بۆ پازده‌هه‌زار و هه‌شتسه‌د و سی و چوار كه‌س به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

هه‌ر به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق یه‌ك ملیۆن و هه‌ژده‌هه‌زار و سه‌د و شه‌ست و حه‌وت تووشبووی كۆرۆنا چاكبوونه‌ته‌وه‌، واته‌ تا ئێستا له‌سه‌دا نه‌وه‌د پۆینت حه‌وتی تووشبووانی كۆرۆنا له‌ عێراق چاكبوونه‌ته‌وه‌.

هه‌ڵبه‌ته‌ كۆی گشتی ئه‌و كه‌سانه‌ی تا ئێستا له‌ عێراق ڤاكسینه‌كانی دژه‌ كۆرۆنایان وه‌رگرتووه‌ گه‌یشتووه‌ته چوارسه‌د و په‌نجا و سێ هه‌زار و سێسه‌د و شه‌ست و یه‌ك كه‌س.