سەرۆكی شارەوانی هه‌ولێر: گەورەترین گەڕەك لە 8 ی حەسارۆك ئاوەدان دەكرێتەوە


دوای سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەسروور بارزانی بۆ كەرتی ھەشتی حەسارۆك، بڕیار درا خزمەتگوزاری بۆ ئەو گەڕەكە دابین بكرێت، سەرۆكی شارەوانیی ھەولێریش  رایده‌گه‌ێنێت: رۆژانی داھاتوو لەسەر میكانیزمی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ھەشتی حەسارۆك، ئیدارەی ھەولێر كۆدەبێتەوە.

عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر رایده‌گه‌ێنیت: سەردانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ كەرتی ھەشتی حەسارۆك، گەورەترین جەژنانە بووە بۆ ئەو ھاووڵاتیانەی زەوییان لە ھەشتی حەسارۆك ھەیە، چونكە چەندین ساڵە چاوەڕێی ئاوەدانكردنەوەی كەرتی ھەشتی حەسارۆكن، سەرۆكی حكوومەت لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە ئامادەكاری بكەن بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ھەشتی حەسارۆك، مەسروور بارزانی سەلماندی كابینەی نۆیەم، كابینەی گەیاندنی خزمەتگوزارییە بۆ خەڵكی كوردستان.
سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر دەشڵێت، لە چەند رۆژی داھاتوودا  فەرمانگە پەیوەندارەكان لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر كۆدەبنەوە، تا میكانیزمی جێبەجێكردنی خزمەتگوزاری بۆ كەرتی ھەشتی حەسارۆك دیاری بكرێت و بە چەند قۆناغێك خزمەتگوزاری دەگەیەندرێتە هەشتی حەسارۆك و گەورەترین گەڕەكی لێ دروست دەكرێت، لەبەر ئەوەی لە زیاتر لە 16 ھەزار پارچەزەوی پێك ھاتووە.

هه‌روه‌ها رایده‌گه‌ێنێت: گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ھەشتی حەسارۆك، جگە لەوەی زیاتر لە16 ھەزار كەس دەبنە خاوەن خانووی خۆیان و گەڕەكێكی گەورە ئاوەدان دەكرێتەوە، جووڵەیەكی زۆری خستووەتە بازاڕ لە كڕین و فرۆشتن، ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر بازاڕی ھەولێر، لەلایەكی دیكەوە ھەزاران ھەلی كار بۆ ھاووڵاتیان دەڕەخسێندرێت و خەڵكێكی زۆر دەبنە خاوەنی كار.