ئه‌ردۆغان ستراتیژیه‌تی خۆی ده‌گۆڕێت

پێشتر كاری له‌سه‌ر راكێشانی ئیی پارتی بۆ نێو هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كه‌ی ده‌كرد


سه‌رۆككۆماری توركیا و سه‌رۆكی گشتی ئاكه‌په‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كه‌ هاوكات سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانی جمهوری  ئاكه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ ده‌كات، ماوه‌یه‌ك بوو كاری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی توركیا، ئیی پارتی كه‌ پارتێكه‌ خاوه‌ن ده‌نگده‌رێكی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی راستگه‌ره‌، بكێشێته‌ نێو هاوپه‌یمانیه‌تی جمهوره‌وه‌.
به‌ڵام به‌ هۆی لێدوانه‌كانی سه‌رۆكی ئیی پارتی مه‌راڵ ئاقشه‌نه‌ر له‌ باره‌ی ئه‌ردۆغانه‌وه‌، ئه‌ردۆغان ستراتیژیه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ ئیی پارتی گۆڕاوه‌.
سه‌رۆكی ئیی پارتی مه‌راڵ ئاقشه‌نه‌ر مانگی رابردوو له‌ گوتارێكدا ئه‌ردۆغانی به‌ سه‌رۆكوه‌زیری ئیسرائیل بنیامین نه‌تانتیاهۆ چواندبوو و ئه‌ردۆغانیش له‌م قسانه‌ زۆر تووڕه‌ ببوو بۆیه‌ ده‌ستبه‌رداری هه‌وڵه‌كانی بۆ راكێشانی ئیی پارتی بۆ نێو هاوپه‌یمانی جمهور بووه‌.
شاره‌زایانی تورك باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ حاڵیحازر ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ پارتییه‌كی دیكه‌ كه‌ خاوه‌ن ده‌نگ و پێگه‌یه‌كی به‌هێزتر بێت به‌ تایبه‌تی له‌ نێو چینی ده‌نگده‌ری نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی راستگه‌ردا، بكێشێته‌ نێو هاوپه‌یمانی جمهوریه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌ردۆغان ده‌زانێت كه‌ ته‌نیا ئاكه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ ناتوانن له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مان ببنه‌وه‌ زۆرینه‌ ده‌نگی پێویست به‌ ده‌سته‌وه‌ بهێنن.
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ رۆژی شه‌ممه‌ به‌رپرسێكی بزۆتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ست ( مه‌هه‌په‌) باسی له‌وه‌ كردبوو كه‌ مه‌هه‌په‌ تا ئه‌مڕۆ پشتیوانی له‌ ئاكه‌په‌ كردووه‌ و تا ئاكه‌په‌ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر كار و سیاسه‌ته‌ نیشتمانییه‌كان پشتیوانی لێوه‌ ده‌كه‌ین به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌ینێت كه‌ ئاكه‌په‌ كۆنترۆڵی مه‌هه‌په‌ی كردووه‌ به‌ڵكو ئاكه‌په‌ هاتووته‌ سه‌ر خه‌تی مه‌هه‌په‌.
ئه‌رده‌لان گۆران