سەرۆکوەزیرانی یۆنان سەردانی هەولێر دەکات

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی پێشوازی کرد لە کۆنسولی گشتیی نوێی یۆنان لە هەولێر، ستاڤرۆس کیریمیس و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان-یان تاوتوێ کرد.

11

نووسینگەی رۆژنامەوانیی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بڵاویکردەوە کە قوباد تاڵەبانی، پێشوازی كردووە لە كۆنسولی گشتیی نوێی یۆنان لە هەرێمی كوردستان، ستاڤرۆس کیریمیس و لە كۆبوونەوەیەكدا تاڵەبانی، پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە كونسولی نوێی یۆنان كردووە لە ئەركی نوێیدا و داوای كردووە هەرچی دەتوانێت بیكات بۆ برەودانی زیاتری پەپوەندییەكانی نێوان هەولێر و ئەسینا بەتایبەت لە بوارەكانی گەشتیاری، خوێندنی باڵا، كەلەپوور و بازرگانی".

ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی پوختەیەكی لەبارەی كارنامەی حكوومەتی هەرێم پێشكەش بە كۆنسولی یۆنان كردووە کە حكوومەتی هەرێم كار بۆ فرەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات دەكات، باسیشی لە نموونەی یۆنان كردووە لە گرنگیدان بە گەشتوگوزار كە دەكرێت ببێتە وانە و ئەزموون بۆ هەرێمی كوردستان.

هەروەها رایگەیاندووە کە كۆنسولی نوێی یۆنان لە هەولێر، ستاڤرۆس کیریمیس ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕیوە بۆ پەرەپێدانی هاریكاری زیاتر لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە دروستكردنی پەیوەندی نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان و شارەكانی یۆنان.

راشیگەیاندووە بڕیارە بەم نزیكانە سەرۆكوەزیرانی یۆنان بێتە عێراق و هەرێمی كوردستانیش یەكێك دەبێت لە وێستگەكانی سەردانەكەی.