ئه‌مڕۆ 30 به‌سه‌ر كۆچی دوای هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی تێپه‌ر ده‌بێت

ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 30 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوای هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان حوسێن عه‌لی تێپه‌ڕ ئه‌بێت.  22

ناوی ته‌واوی حوسێن عه‌لی زه‌ند- ه‌، له‌ساڵی 1925 له‌ گوندی حه‌فته‌غاری سه‌ر به‌قه‌زای داقوق له‌دایك بووه‌، له‌ ناو خه‌ڵكیشدا به‌ حوسێن عه‌لی گورجی ناسراوه‌ و دایكی ناوی ئامینه‌ كه‌ریم زه‌نگه‌نه‌یه‌.

هونه‌رمه‌ند هه‌ر له‌ كاتی لاوێتییه‌وه‌ شه‌یدای هونه‌رو گۆرانی و مه‌قامی كوردی بووه‌، حوسێن عه‌لی هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ گوێی به‌ ده‌نگی شمشاڵ و دووزه‌له‌ی شوان و قه‌تار و ئه‌ڵاوه‌یسی و ئای ئای جوتیارانی گونده‌كه‌ زرنگاوه‌ته‌وه‌.

حوسێن عه‌لی له‌ ساڵی 1948 چووه‌ته‌ ئێزگه‌ی كوردی له‌ به‌غدا و له‌وێ چه‌ند گۆرانییه‌كی وتووه‌ و یه‌كه‌م گۆرانیشی (قومری سه‌رباڵم شینه‌) بووه‌.

هونه‌رمه‌ند شاره‌زاییه‌كی زۆری هه‌بووه‌ له‌ زۆربه‌ی مه‌قامه‌كانی كوردی، دواتر له‌ رێگه‌ی قه‌وانه‌وه‌ ئاشنای ده‌نگی عه‌لی مه‌ردان و عه‌بدوڵڵای سه‌عید كه‌ركوكی و ده‌یان گۆرانیبێژی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بووه‌.

هه‌روه‌ها له‌ ئه‌رشیفی هونه‌رمه‌ند دا چه‌ند گۆرانییه‌ك ریكۆرد كراوه‌ كه‌ له‌ دانیشتنێكدا له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌لی مه‌ردان و سه‌عیدی عه‌بدوڵڵا كه‌ركوكی وتراون، ئیستا له‌لای شه‌یدایانی ده‌نگی هونه‌رمه‌ند پارێزراون.

حوسێن عه‌لی دۆستایه‌تییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی خوالێخۆشبووان سه‌ڵاح داوده‌ و ره‌سوڵ گه‌ردی و تایه‌ر تۆفیق و حه‌سه‌ن زیره‌ك هه‌بوو .

هونه‌رمه‌ند له‌ ساڵی 1971 له‌ پاش به‌شداریكردنی له‌ ئاهه‌نگێك له‌ خانه‌قین له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌ به‌ندكراوه‌ و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆر دراوه‌، به‌ڵام به‌وه‌ش هه‌ر كۆڵی نه‌داوه‌ و به‌رده‌وام بووه‌ له‌ گۆرانی و مه‌قام وتن.

حوسێن عه‌لی له‌1991/7/18 له‌ شاری به‌غدا گیانی سپارد و له‌ ژیانی هونه‌رمه‌ندایه‌تی و گۆرانی و مه‌قام وتن به‌یه‌كجاری دابڕا و ته‌رمه‌كه‌ی له‌ گۆڕستانی شێخ مه‌عروف به‌خاك سپێردرا.

11

ئا- كامران