سه‌رۆكى شاره‌وانى پاریس ستایشى ڕۆڵى سه‌رۆك بارزانى ده‌كات

پارێزگارى هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ئان هیدالگۆ سه‌رۆكى شاره‌وانى پاریس كۆبۆوه‌، له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكى شاره‌وانى پاریس ستایش و پێزانینى وڵاته‌كه‌ى بۆ ڕۆڵى سه‌رۆك بارزانى له‌ تێكشكاندنى تیرۆرستانى داعش دووپات كرده‌وه‌.

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021.7.21، له‌ په‌راوێزى (41)مین کۆنگرەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی پارێزگار و سەرۆک شارەوانیەکانی فرانکۆفۆنی كه‌ به‌به‌شدارى  (300) سێ سەد پارێزگار و سەرۆک شارەوانیەکانی شارەکانی جیهان لە شاری کیگەلی پایتەختی وڵاتی رواندا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ ئان هیدالگۆ سه‌رۆكى شاره‌وانى پاریس كۆبۆوه‌.

له‌دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كان و هه‌ماهه‌نگی هه‌ردوولا كرا بۆ به‌كرداریكردنی یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی ده‌سته‌ خوشكى (sister city) نێوان هه‌ولێر و پاریس، پاشان سه‌رۆكى شاره‌وانى پاریس وێڕاى خۆشحاڵ بوونى به‌ دیداره‌كه‌ سوپاسى پارێزگارى هه‌ولێرى كرد بۆ ڕه‌خساندنى ده‌رفه‌تى ئه‌نجامدانى دیداره‌كه‌ و ستایش و پێزانینى وڵاته‌كه‌ى بۆ ڕۆڵى سه‌رۆك بارزانى له‌ تێكشكاندنى تیرۆرستانى داعش دووپات كرده‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ فه‌ره‌نسا به‌ چاوى رێزه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ كه‌ به‌ رێبه‌رایه‌تى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى له‌ شه‌ڕى تیرۆرستانى داعش ڕۆڵێكى به‌رچاوى له‌ تێكشكاندنى داعش گێڕا و لە پێناو مرۆڤایەتی تونیتان له‌جیاتى هه‌موو جیهان شەڕی تیرۆرستان بكه‌ن، ئێمه‌ هه‌رگیز ئه‌وه‌ له‌ یاد ناكه‌ین.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ پارێزگارى هه‌ولێر، سڵاوى ڕێزدار مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستانى پێ ڕاگه‌یاند و سوپاسى هه‌ڵوێست و ڕۆڵى مێژوویى فه‌ره‌نسای كرد له‌ پشتگیریکردن و هاوكاریی به‌رده‌وامی بۆ گه‌لى کوردستان له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا، به‌ تایبه‌تى له‌شه‌ڕى تیرۆرستانى داعش، پاشان پارێزگارى هه‌ولێر، ته‌ئكیدى له‌سه‌ر پته‌وكردنى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان هه‌ولێر و پاریس كرده‌وه‌ و به‌فه‌رمى بانگهێشتى سه‌رۆکى شاره‌وانى پاریسى کرد بۆ سه‌ردانىكردنى هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌ریمى كوردستان.